وەرگێڕان لە سویدییەوە، دیاکۆ هاشمی
2020-09-17

 

زمانەوانی چییە؟

زمانەوانی لە پێوەندیگرتن” دەدوێت کە ڕەنگە گرنگترین و بەهێزترین تواناییی مرۆڤ بێت. لە زمانەوانیدا مرۆڤ لە بارەی زمانی مرۆڤی وەک دیاردەی گشتی لە ڕووانگەی زانستییەوە، زانیاری وەردەگرێت.

 

مرۆڤ لەوە دەکۆڵێتەوە کە زمانەکان چۆن پێک هاتوون، لە لێکچوون و جیاوازییەکانی نێوان زمانە جۆربەجۆرەکان دەکۆڵێتەوە، چ جیاوازییەک لەنێوان دەنگی ئاخاوتن و دەنگە مرۆڤییەکانی تر هەیە، مرۆڤ چۆن تێ دەگات و خۆی چۆن زمان وەبەرهەم دەهێنێت، چۆن منداڵان زمانی دایکیی خۆیان فێر دەبن، کاتێک مرۆڤ زمانی زیاتر فێر دەبێت چی ڕوو دەدات، چۆن زاریلە (زمانی جڵفە، لەهجەی بۆ نموونە تایبەت بە شوێنێک) گەشە دەستێنێت، چۆن کۆمپیوتەر دەتوانرێت فێری وەرگێڕان بکرێت، چۆن مرۆڤ دەتوانێت لەگەڵ ڕۆبۆتدا پێوەندی بگرێت، چۆن دەتوانین هۆشمەندیی دەستکرد گەشە پێ بدەین و، زۆر شتی تر.

 

زمانەوانی لە سویددا دابەش دەبێتە سەر سێ بواری گەورەتر: زانستی گشتیی زمان، زمانەوانیی کۆمپیوتەری هەروەها فۆنەتیک، زمانەوانیی دەروونزانی هەروەها بوارەزمانەوانی/بەڵگەنامەییکردنی زمانیش لەناو زمانەوانیدا بواری گەورەن.

زانیاری لەلایەن ئەنستیتۆی زمانەوانی لە زانکۆی ستۆکهۆڵمەوە:

 

زانستی گشتیی زمان

زانستی گشتیی زمان لە زمانی مرۆڤ وەک دیاردە دەدوێت و، لێکۆڵینەوەکە هەموو شتێک دەگرێتەوە لە جۆراوجۆریی پێکهاتەیییەوە بگرە لەنێوان زمانە جۆربەجۆرەکان لە جیهاندا هەتا چۆن منداڵ زمانی زکماکیی خۆی فێر دەبێت، چۆن زمان لە درێژاییی کاتدا گۆڕانی بەسەر دێت و، ڕۆڵی زمان بۆ کێیەتی (هویت)ی گرووپ و تاک چییە. زمان و تواناییی زمان دەتوانرێت بە گەلێ شێوە خوێندنەوەی لەسەر بکرێت، بۆ نموونە وەک وتووێژی نێوان مرۆڤەکان، لە مێشکدا، لە کۆمادەقەکاندا، کە بەکارهێنانی ڕاستەقینە نیشان دەدەن، لە سیستەمی ڕێزمانیدا، هتد.  هەر لەبەر ئەوانە (زانستی گشتیی زمان) گەلێک لێکبەستنی نێوانەزانستیی هەیە. 

 

زمانەوانیی کۆمپیوتەری

زمانەوانیی کۆمپیوتەری بەشێکی نێوانەزانستییە کە نموونۆکە (= مودێل) شێوەپێدراوەکان لە زمانی سروشتییەوە گەشە پێ دەدات هەروەها جێبەجێکارییەکانی ئەم نموونۆکانە بۆ ئەوەی بتوانرێت کار لەسەر دەق و وتە بکرێت. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردووەوە بوارەکە زۆر بەهێزەوە گەشەی سەندووە وەک ئەنجامێک لە: 

ئا) پەرەسەندنی زەبەلاحی کۆمای دراوەی ئەلەکترۆنیکیی بەردەست، 

ب) هێزی کۆمپیوتەریی پەرەسەندووی بەردەوام، 

پ) ئەو شێوازانەی کە بە کۆمپیوتەر لەگەڕدان، واتە مەیلیان هەیە بەرەو جێگیرکردنی فەرمیی ڕێزمان بە نموونۆکەی وا کە بە کەڵکوەرگرتن لە ئامار و/یان فێرکردنی مەکینەیی خۆکار کار لەسەر دراوەکان دەکەن . بەشەکە بە بەڵگەنامەی ئەزموونی ئەگەری نوێتر دەدات بە بەرەوڕووکردنەوەی زمانەوانیی ڕاڤەیی و هزری، هاوکات کە بە جێبەجێکارییە تەکنۆلۆجێیەزمانییەکانی وەک وەرگێڕانی مەکینەیی، سیستەمی دیالۆگی و دەستپێڕاگەیشتنی زانیاری یارمەتیدەر دەبێت.

 

فۆنەتیک

فۆنەتیک لەمەڕ توێژینەوەی ئاخافتنی مرۆڤی دەدوێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چۆن دەنگی زمانی چێ دەبێت و دەگوێزرێتەوە، چۆن لەلایەن گوێ و مێشکەوە تۆمار دەبن و تێ دەگەیەنرێن و تایبەتمەندییە دەنگییەکانیان چین. بابەتەکە هەروەها پێکهاتە و ئەرکی ئەندامەکانی ئاخافتنیش دەگرێتەوە، پێوەندیی نێوان زمانی ئاخاوتن و نووسیاری، چۆن سیستەمی دەنگ لە زمانە جۆربەجۆرەکان و زارەکاندا جیاوازییان هەیە، چۆن زاریلە (زمانی جڵفە، لەهجەی بۆ نموونە تایبەت بە شوێنێک) درووست دەبێت، چۆن منداڵانی بچووک زمانی دەوروبەریان فێر دەبن و چۆن دەنگ لە ئاخاوتن و گۆرانیدا کار دەکات. لەبەر ئەوەی کە فۆنەتیک بابەتێکی فرەڕەهەندیی پێوەندیدار بە زانستەکانی ترەوەیە، لێکۆڵەرە چالاکەکانی ئەنستیتۆکە پێشینەی جۆربەجۆریان هەیە کە گرێدراوە بە لێکۆڵینەوەی زانستیی ئاکاری و زانستیی سروشتیی مرۆڤی.

سەرچاوە