ئاب 31, 2020 Diyako Hashemi

وەرگێڕان لە سویدییەوە، دیاکۆ هاشمی
ڕێکەوت: 2020-08-31

جیاوازیی نێوان زمان و زار چییە؟

 زار زمانە لە پلەی یەکەمدا زمانی ئاخاوتن. زمانی ستاندارد ئەو شێوازەی زمانی سەرەکییە کە لە بۆنە فەرمییەکاندا بەکار دەهێنرێت کە بووەتە بنەمای زمانی نووسین. کام زارانە ئەمڕۆ وەک سویدی هەژمار دەکرێن لەڕاستیدا پێوەندییان بە بارودۆخە مێژوویی و سیاسییەکانەوە هەیە تا زمانییەکان. 

وشەی زمان لە واتا جۆربەجۆرەکاندا بەکار دەهێنرێت، هەندێ جار دەتوانێت سەرلێشێوین بێت. زمانی مرۆڤی بەگشتی سیستەمێکی پێوەندییە کە لەلایەن جۆرە مرۆڤییەکەوە گەشەی سەندووە. هەزاران زمانی جۆربەجۆر لە جیهاندا هەن، هەم بە و هەم بەبێ شێوەی نووسین، بەڵام لە سەرەتاوە بێگومان بەس زمانی ئاخاوتن هەبوو.

 

زارەکان زمانی ئاخاوتنن

زارەکان لە پلەی یەکەمدا زمانی ئاخاوتنن و لە زۆربەی دۆخەکاندا لە نووسیندا باو نین، بەڵام لەم واتا گشتییەدا بە هەمان ڕادە زمانی تەواون. پرسی جیاوازیی نێوان زمان و زار وا دادەنرێت کە مەبەست لە زمان هەمان زمانی پێوەر بێت. کەسێک وتوویە:
زمان زارێکە کە سوپایەک و هێزێکی دەریاییی هەیە.

 

زمانە نەتەوەیییەکان چێ کراون

زمانی ستاندارد ئەو شێوازەی زمانی سەرەکییە کە لە بۆنە فەرمییەکاندا بەکار دەهێنرێت و دەبێتە بنەمای زمانی نووسیاری. زمانی نەتەوەییی وڵاتێک، بۆ وێنە زمانی سویدی، هەم لە ئاخاوتن و هەم لە نووسیندا، ستانداردێنراوە و پێوەرێنراوە. واتە بەشێوەیەکی سروشتی گەشەی نەسەندووە، بەڵکوو لەڕووی چاودێریی زمانی بەئاگایییەوە چێ کراوە لەسەر بنەمای ئەو زارەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەلایەن ناوەندی دەسەڵاتی وڵاتەوە قسەی پێ کراوە، بۆ زمانی سویدی لە مەلاردالێن (دۆڵی مەلار Mälardalen)دا.

 

گەشەی خۆڕسک

زارە سویدییە نەریتییەکان بەئازادی و خۆڕسک لە ناخی زمانێکی مێژینەییی باکووری (سکاندیناڤی)یەوە گەشەیان سەندووە. سویدییێتییان پێش لە هەر شتێک لە ڕووی ئەوەی کە قسەی پێ دەکرێت یان قسەی پێ کراوە بڕیاری لەسەر دەدرێت لە چوارچێوەی ئەو ناوچە جوگرافییەی کە ئەوڕۆکە زمانی سەرەکییان سویدییە و هەروەها زمانی فەرمییە، واتە سوید لەگەڵ بەشانێک لە فینلەند. 

ئەو زارانەی کە وەک سویدی هەژمار دەکرێن پێوەندییان بە بارودۆخی مێژوویی و سیاسییەوە هەیە تاکوو زمانی.

 

تێبینی: زار = dialect

وەرگێڕان لە سویدییەوە، دیاکۆ هاشمی، سەرچاوە:
سەرچاوە