جەلاد و پیرەگورگی جەماران

ته‌مموز 13, 2021 Edris Hashemi

2021-07-13

جەلاد و پیرەگورگی جەماران

نووسین: ئیدریس هاشمی

 

 

 

 

 

خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و پیرەگورگی جەمارانە. خومەینی ئەو خوێنمژەیە کە ڕشتنی خوێنی كوردی حەڵاڵ كرد. ئەو کەسەیە کە لە 19-08-1979 فەتوای جیهادی دژ بە کورد و خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند. بە فەرمانی ئەم جەلادە، هێرشی سەربازی دژ بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێ کرد و بەهۆی هێرشی چەکداریی سوپای پاسدارانی خومەینی، دژ بە کورد، هەزاران کەس گوللـەباران کران یان لەسێدارە دران و دەیان کەس بە سەرکردایەتیی خەڵخاڵی دادوەری شەرع و نوێنەری خومەینی بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێن هەڵواسران.
ڕێبەری گەورەی کورد دوکتۆر قاسملوو و هەزاران پێشمەرگە و خەڵکی بێتاوانی کورد بە فەرمانی ئەم خوێنمژە کوژران.

خومەینیی جینایەتکار، تەنها بڕوای بە کۆمارە ئیسلامییەکەی خۆی و ئایدۆلۆژیا بۆگەنیوەکەی مێشکی خۆی بوو و ئیسلامییەکانی تری قەبووڵ نەبوو و لەسەر دەستی ئەم جەلادە، کۆتایی بە ژیانیان هات.
خومەینیی جەلاد، خەڵکی كوردستانی بە كافر ناو دەبرد و دەیگوت كە پیلانگێڕانی كوردستان، لە لوتكەی كوفردان و دەبێ بەتوندی لەگەڵیان مامەڵە بكرێت و نووسەرەكان و هەروەها سەرۆكەكانیان دادگایی بكرێن. ئەو فەرمانی جیهادی دژ بە خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند و داوای لە سوپای پاسداران کرد كە بڕۆن و ئەم گەندەڵانە سەركوت بكەن و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵیان نەرمی نەنوێنن.
لە فەلسەفەی فیكریی خومەینیدا ئەم كۆنەمەلای بیرتەسكی جەمارانە، نەرمونیانی و میهرەبانی جێگایەكی نەبوو، چونكە مێشكی ئەو پڕ بوو لە هەڕەشە و گوڕەشە و تۆقاندن و لەناوبردن.
هەزاران نەفرەت لە خومەینیی گۆڕبەگۆڕ و ڕژیمە نامرۆڤانەکەی کە لە سەردەمی ئەو هەتاکوو ئێستا، کوشتنی کورد بە ڕەوا و حەڵاڵ دەزانن.
خومەینی کەسایەتییەکی ئاستنزم و مرۆڤێکی دڵ پڕلەقین و دڕندە بوو بەرانبەر بە کورد. خومەینی ئەم شێرپەنجەی مرۆڤایەتییە
فتوای بە کۆمەڵکوژیی کورد دا بەڵام نەیتوانی چۆک بە ئیرادەی مافخوازانەی خەڵک بدات. دوای مردنیشی، نەتەوەی کورد هەروا بە ئیرادەیەکی بەرزی شۆرشگێڕی و نەتەوەییەوە لە تێکۆشانی خۆیدا بەردەوامە.

***
نووسین: ئیدریس هاشمی سوید 2021-07-13