ئازار 18, 2019 Diyako Hashemi

ئامادەکردن: دیاکۆ هاشمی

 

نه‌ورۆز و ساڵی نوێ

 

نه‌ورۆز

نەورۆز جه‌ژنێکی کۆن و دێرینه که له‌لایه‌ن کورده‌وه هه‌ر له کۆنه‌وه جه‌ژنی گیراوه.

یونسکۆ له (٢٠٠٩/٠٩/٣٠)  نه‌ورۆزی وه‌کوو میراتی هه‌ستپێنه‌کراوی جیهانی تۆمار کرد.

لە ڕێکەوتی (٢٠١٠/٢/٢١)، ئه‌نجومه‌نی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ڕۆژی ٢١ی مارسی به ڕۆژی جیهانیی جه‌ژنی نه‌ورۆز به فه‌رمی ناساند و له ڕۆژژمێره‌که‌ی خۆیدا جێگیری کرد و به جه‌ژنێکی کۆن و دێرینی ناودێر کرد وتی که پێشینه‌یه‌کی ٣ هه‌زار ساڵه‌ی هه‌یه و پتر له ٣٠٠ میلیۆن که‌س جه‌ژنی ده‌گرن.

 نه‌ورۆز له ڕۆژژمێری ئێران و ئه‌فغانستاندا به سه‌ره‌تای ساڵی نوێ ده‌ژمێردرێت. له زۆر له وڵاتی تریشدا پشووی فه‌رمییه.

نه‌ورۆز بۆ کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش وه‌کوو ساڵی نوێ ده‌ژمێردرێت.

 له عێراقدا چونکوو ڕۆژژمێری زایینی به‌کار ده‌چێت، کوردی باشووری کوردستانیش پێڕه‌وی له ڕۆژژمێری زایینی ده‌که‌ن، بۆیه له ڕۆژژمێردا نه‌ورۆز وه‌کوو سه‌ره‌تای ساڵ هه‌ژمار ناکرێت، به‌ڵام حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به فه‌رمی ده‌یناسێ و له کوردستاندا به‌و بۆنه‌وه چه‌ند ڕۆژێکی به پشووی ڕه‌سمی داناوه و خه‌ڵک زۆر به‌گه‌رمی و به‌تایبه‌تی بۆنه‌ی نه‌ورۆز به ئاهه‌نگگێڕان و چوونه‌ده‌ر و ئاگرکردنه‌وه و سه‌ما و شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ و خۆشی یادی ده‌که‌نه‌وه.

کورده‌کان له کوردستانی بنده‌ستی تورکیا، به میلیۆن میلیۆن ده‌ڕژێنه شه‌قامه‌کان و به هه‌لێکی گونجاوی ده‌زانن بۆ ده‌ربڕینی ڕق و تووڕه‌ییی خۆیان به‌رانبه‌ر به‌و زوڵمه نهتهوهیییهی که لێیان ده‌چێت.

 گه‌لێ نه‌ته‌وه‌ی جۆربه‌جۆری تر له هه‌رێمێکی به‌ریندا، جه‌ژنی نه‌ورۆز به شێواز و دابونه‌ریتی جۆربه‌جۆر یاد ده‌که‌نه‌وه وه‌کوو فارسه‌کان، نه‌ته‌وه‌کانی نیشته‌جێی ئێران،هه‌روه‌ها له ئازه‌ربایجان، ئه‌فغانستان، تاجیکستان، تورکمه‌نستان،ئۆزبه‌کستان، قرقیزستان و قه‌زاقستان ئه‌و بۆنه یاد ده‌که‌نه‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌و میلیۆن میلیۆن خه‌ڵکه‌ی وه‌کوو کورد و فارس که په‌ڕیوه‌ی هه‌نده‌رانن که به شێوه‌ی جۆربه‌جۆر یادی ده‌که‌نه‌وه، وه‌کوو به‌کرێگرتنی که‌شتی و پاپۆڕی گه‌وره و مه‌زن له‌نێوان دوو وڵات‌دا، یان ئاهه‌نگگێڕان به به‌شداریی گۆرانیبێژان و تیپی مۆسیقا و گرووپی سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕکێ و ئاگرکردنه‌وه له ئێوارانی نه‌ورۆز یان چوارشه‌مه‌سووری و هتد.

 

ساتی نه‌ورۆز

ساتی نه‌ورۆز له ساتی ڕۆژگه‌ڕانه‌وه‌ی به‌هار (اعتدال بهاری/ اعتدال ربیعی/ vernal equinox)ه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات.

ڕۆژگه‌ڕانه‌وه‌ی به‌هار له نیوگۆی باکووریی زه‌وی، به‌و ساته ده‌وترێت که گۆی زەوی دەسووڕێت و وا هەست دەکرێت کە هه‌تاو له نیوگۆی باشووریی زەوییەوە بەسەر هێڵی ئیستوادا تێپەڕ دەبێت  و دێته ناو نیوگۆی باکووریی زه‌وییەوە، لەڕاستیدا ئەوە زەوییە کە دەسووڕێت و هەتاو نەگۆڕە. ئه‌م ساته پێی دەوترێت ساتی سه‌ره‌تای که‌لووی به‌رخ ( برج الحمل).

یان به زمانی ئه‌ستێره‌وانی ده‌وترێت: کاتێ بازنه‌ی که‌لووه‌کان (دایر‌ةالبروج)، درێژییی جوگرافییه‌که‌ی ده‌بێته سفر (٠) پله، ئه‌و ساته نه‌ورۆز ده‌ست پێ ده‌کات.

ئه‌م ساتی به‌سفربوونه‌ش ساڵ بۆ ساڵ ده‌گۆڕێت و ساتێکی نه‌گۆڕ نییه به‌ڵکوو گۆڕاوه، بۆیه هه‌ندێ جار نه‌ورۆز ده‌که‌وێته ٢٠ی مارس و هەندێک ٢١ی مارس و هه‌ندێ جاریش ده‌که‌وێته ٢٢ی مارس.

له ڕۆژژمێری زایینی‌دا ساتی گۆڕانی ساڵ بۆ ساڵی نوێ، هه‌موو ساڵێ به شێوه‌یه‌کی بڕیارله‌سه‌ردراو، کاتژمێر ٠٠.٠٠ واته ١٢ی شه‌و یان ٢٤.٠٠ ه، به‌ڵام له ڕۆژژمێری هه‌تاوی و ڕۆژژمێری کوردیش‌دا ئه‌وه به‌ده‌ستی مرۆڤ نییه و به‌پێی سروشت، ساته‌کانی ده‌گۆڕێت.

له ڕۆژژمێری کوردی هه‌تاویدا به‌رانبه‌ره به ١ی خاکه‌لێوه، له ڕۆژژمێری کۆچی هه‌تاوی (هجری شمسی)دا به‌رانبه‌ره به ١ی فه‌روه‌ردین، له ڕۆژژمێری زایینی‌دا به‌رانبه‌ره به ٢١ یان ٢٢ی مارس.

گرنگ:

ئه‌گه‌ر تێپه‌ڕبوونه‌که به‌سه‌ر هێڵی ئیستوا ڕێک کاتژمێر ١٢.٠٠ی نیوه‌ڕۆ یان پێش ئه‌وه، به کاتی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ڕوو بدات ئه‌وه ئه‌و ڕۆژه نه‌ورۆزه و له ڕۆژژمێریشدا ده‌بێته ١ی خاکه‌لێوه یان ١ی فه‌روه‌ردین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوای ١٢.٠٠ به دواوه بێت، ئه‌وه ئه‌و ڕۆژه نه‌ورۆزه و ساڵی نوێ، به‌ڵام له ڕۆژژمێردا ڕۆژی دواتری ده‌بێته ١ی خاکه‌لێوه (١ی فه‌روه‌ردین).

 ئەو ساڵەی کە ساتی ڕۆژگه‌ڕانه‌وه‌ی به‌هار، یان تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر هێڵی ئیستیوادا، پاش ١٢.٠٠ی نیوه‌ڕۆ بێت، ئەوا ئه‌و ڕۆژه دەبێتە نه‌ورۆز، به‌ڵام ڕۆژی دواتری ده‌بێته یه‌که‌م ڕۆژی خاکه‌لێوه، یان یه‌که‌م ڕۆژی ڕۆژژمێر. نه‌ک ئه‌و ڕۆژه. چونکوو پاش کاتژمێر ١٢.٠٠ی نیوه‌ڕۆ ڕووی داوه.

 

سه‌رچاوه‌ی نه‌ورۆز

 وەک ئەفسانە

له‌ڕاستیدا که‌س نازانێت سه‌رچاوه‌ی نه‌ورۆز له کوێوه هاتووه، هه‌ندێک له ده‌قه کۆنه ئێرانییه‌کانی وه‌کوو شاهنامه‌ی فیرده‌وسی و مێژووی ته‌به‌ری ده‌ڵێن جه‌مشێدشا (چواره‌م پاتشای پێشدادییه‌کان) نه‌ورۆزی داهێناوه، هه‌ندێکی تر ده‌ڵێن که‌یومه‌رس (یه‌که‌م پاتشای پێشدادییه‌کان) دای هێناوه. هاوکاتیش دەڵێن ئەو پاتشایانە زیاتر لە ١٠٠٠ ساڵ تەمەنیان کردووە، بێگومان ئەوانە تەنیا دەچنە خانەی ئەفسانە و لە ڕاستی دوورن.

هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی تریش ده‌ڵێن زه‌رده‌شت نه‌ورۆزی داهێناوه.

یونسکۆ پێی وایە کە نەورۆز پێشینەیەکی سێ هەزار ساڵەی هەیە و ٣٠٠ میلیۆن کەس یادی دەکەنەوە.

هەندێ کەسیش گرێی دەدەنەوە بە زوحاک و کاوە، ئەو بەسەرهاتەش بەو جۆرەی کە باسی دەکەن هێندە لە ڕاستی دوورە کە ناکرێت وەک بنەمای نەورۆز دابنرێت.

 

ئه‌فسانه‌ی  ئه‌ژدیهاک و کاوه:

یەکێک لەو ئەفسانانەی کە لە پێوەندی لەگەڵ نەورۆزدا باس کراوە ئەفسانەی ئەژدیهاک و کاوەیە. تەنانەت ئەو بەسەرهاتەش لەبەر خەیاڵیبوونی چیرۆکەکە بە دروست نازانرێت.

جه‌مشێدشا که هه‌زار ساڵ ته‌مه‌نی کرد، چواره‌م پاتشای پێشدادییه‌کان بووه، له سه‌ره‌تادا پادشایه‌کی دادوه‌ر بووە، به‌ڵام له دواییدا وه‌ک هه‌ر پاتشایه‌کی تر که تامی ده‌سه‌ڵات ده‌چێژێت، له خۆ بایی ده‌بێت و ده‌ست ده‌کاته ناهه‌قی.

دوایی ئاژدیهاک (زوحاک) که به ڕه‌چه‌ڵه‌ک عه‌ره‌ب ده‌بێ (ئه‌گه‌ر ئه‌و کاته عه‌ره‌ب هه‌بووبێت!) ده‌چێت بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ جهمشێدشادا، دوای ڕووداوی دوورودرێژ، جه‌مشێدشا ده‌کوژێت، خۆی ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست.

خۆشی چونکوو ده‌روونێکی نه‌گریسی هه‌بووه، ده‌ست ده‌کات به کوشتوبڕی خه‌ڵک.

خه‌ون ده‌بینێ که‌سێک به ناوی فه‌ره‌یدوون، تاج و ته‌ختی لێ سه‌ندووه‌ته‌وه، که له خه‌وهه‌ڵده‌ستێت، بهشپرزهیییهوه ده‌ستوور ده‌دات فه‌ره‌یدوون بدۆزنه‌وه.

به‌ڵام دایبابان (والدین)ی فه‌ره‌یدوون، ده‌یشارنه‌وه و ده‌یده‌نه ده‌ستی دایه‌نێک به دزییه‌وه گه‌وره‌ی بکات.

سه‌ربازانی ئه‌ژدیهاک هه‌رچی ده‌که‌ن فه‌ره‌یدوون نادۆزنه‌وه.

ئه‌ژدیهاک، نه‌خۆشییه‌ک ده‌گرێ و دوو مار له‌سه‌ر شانی ده‌ڕوێن.

ئیبلیس خۆی ده‌کاته پزیشکێ و پێی ده‌ڵێ چاری ماره‌کان ته‌نیا مێشکی لاوانه و به‌س. بۆ تێکردنی ماره‌کان ناچار ده‌بێ هه‌موو ڕۆژێ مێشکی دوو لاویان بداتێ.

ڕۆژێ سه‌ربازانی ئه‌ژدیهاک، دوو کوڕی ئاسنگه‌رێکی لادێیی به ناوی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر ده‌گرن و ده‌یکوژن، کاوه شۆڕش ده‌کات و خه‌ڵکیش پاڵپشتیی ده‌که‌ن. یه‌کێک له‌وانه فه‌ره‌یدوون ده‌بێ، که ده‌بێته هاوخه‌باتی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر.

کاوه ده‌یکاته فه‌رمانده‌ی سوپاکه‌ی خۆی.

دوایی فه‌ره‌یدوون زوحاک به دیل ده‌گرێ و له کێوی ده‌ماوه‌ند به‌ندی ده‌کات. هه‌ر له‌وێش ده‌یکوژێ.

به‌و جۆره کاوه‌ی ئاسنگه‌ر ده‌بێته هۆی ڕووخانی زوحاک (ئه‌ژدیهاک).

 هەندێ کەس دەڵێن کە یادی کردنی ئەو سەرکەوتنە هۆی داهاتنی نەورۆز بووە.

له یه‌کێک له جه‌ژنه دێرینه‌کاندا به ناوی مێهره‌گان، که ده‌که‌وێته مانگی حه‌وته‌می ڕۆژژمێری هەتاوییەوە، واتە پاییز، خه‌ڵک یادی ڕاپه‌ڕینی کاوه‌ی دژ به ئه‌ژدیهاک ده‌کرده‌وه، بەڵام ئەگەر بەپێی ئەوە بێت چونکە لە پاییز یادی کراوەتەوە ناکرێت بە دەستپێکی بەهار بزانرێت، هەروەها بەسەرهاتی ئەژدیهاک بەو تەمەنە درێژە و بە نەخۆشییە سەیرەی زیاتر لە ئەفسانە و چیرۆک دەچێت تا ڕاستی، هەر بۆیە ناکرێت ئەوەش بە بنەمای نەورۆز بزانرێت.

 

سەرچاوەی نەورۆز بەپێی لۆجیک

کەوا بێت لەڕاستیدا ئەوەی وەکوو سەرچاوەی داهێنانی نەورۆز باس کراوە تەنها ئەفسانەیە و بەڵگەی سەلمێنراوی لە پشتەوە نییە.  کەس نازانێت کەی داهێنراوە، ڕەنگە بکرێت لە داهاتوودا لێکۆڵینەوەی زیاتر لەو بارەوە بکرێت و هەندێک بۆچوونی زانستی‌تر بخرێتە بەردەست.

ئەوەی کە بنەمای دەستپێکی نەورۆز نادیارە ڕەنگە خۆی لە خۆیدا خاڵیکی ئەرێنی بێت، چونکە نەورۆز گرێدراوە بە سروشتەوە، مڵکی هیچ ئایینێکی تایبەتی نییە هەر بۆیە گەلێ نەتەوەی جۆربەجۆر (پتر لە ٣٠٠ میلیۆن) یادی دەکەنەوە.

 بەڵام نەورۆز لە کاتی کۆتاییی سەرما و سۆڵەی زستان و دەستپێکی بەهار بووە، پێوەندیی بە سروشتەوە هەیە، ڕۆژ و شەو بەرانبەر بووە و لەوە بەو لاوە ڕۆژەکان درێژتر دەبن و شەوە تاریکەکان کورت‌تر دەبنەوە. مەڕوماڵات دێنە دەر و سروشت بە هەتاو و بۆنی بەهار دەگەشێتەوە. هەژاران لە تاریکی و زستان و بەفر و کڕێوە ڕزگاریان دەبێت و ژیانێکی نوێ دەست پێ دەکەن. شەو و ڕۆژ لە نەورۆزدا درێژییان بەرانبەر دەبێت و ڕۆژەکان درێژتر دەبنەوە، لە ڕۆژژمێردا سەرەتای ساڵی نوێیە. گرنگیی نەورۆز لەوەدایە کە سەر بە هیچ ئایینێکی تایبەتی نییە و پێوەندیی بە سروشتەوە هەیە.

 

یادکردنەوەی نەورۆز

نەتەوە جۆربەجۆرەکان بە دابونەریتی جۆربەجۆرەوە یادی نەورۆز دەکەنەوە، کورد زۆر بە شێوەیەکی تایبەتی ئەو یادە دەکاتەوە. کورد هەر لە کۆنەوە لەسەر چیاکانەوە بە کردنەوەی ئاگر یادی نەورۆزی گەرم ڕاگرتووە:

یادی نەورۆز لەسەر چیاکان

 

کورد بە کردنەوەی ئاگر کە ڕەمزی خەبات و پاکی و خاوێنی و گەرمی بووە لەسەر چیاکان و ناو شاران و کۆڵانان ئاگر دەکەنەوە، بەرانبەر بە دوژمن یەکگرتووتر دەبن و ئەو ڕۆژە خۆشەویستییان بۆ کوردستان زیاتر دەردەکەوێت:

نەورۆز لە شاری ئاکرێ باشووری کوردستان

 

لە کاتی ئازادنەبووندا میلیۆن میلیۆن دەڕژێنە شارەکان و هەست و سۆزی نەتەوەییی خۆیان نیشان دەدەن:

نەورۆز لە شاری ئامەد، باکووری کوردستان

 

پیرەمێردی شاعیر و قوتابیانی کورد، باشووری کوردستان

 

*پیرەمێرد و نەورۆز*

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە

جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە ھاتەوە

چەند ساڵ گوڵی ھیوای ئێمە پێپەست بوو تاکو پار

ھەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەھار

ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد

مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد

نەورۆز بوو ئاگرێکی وەھای خستە جەرگەوە

لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەو پیریی مەرگەوە

ئەوا ڕۆژ ھەڵات لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە

خوێنی شەھیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە

تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا

قەڵغانی گوللە سنگی کچان بێ لە ھەڵمەتا

پێی ناوێ بۆ شەھیدی وەتەن شیوەن و گرین

نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین

 ***

هونەرمەندانیش شاکاری گەورە دەخوڵقێنن:

حەسەن زیرەک و نەورۆز

ناسری ڕەزازی و نەورۆز

 

***

دەرەنجام:

کەوا بێت هێشتا بەڕوونی نەزانراوە کەی و لە کوێ نەورۆز دەستی پێ کردووە. ئەوەندە هەیە کە نەورۆز دەستپێکێکی نادیار و کۆنی هەیە، بەڵام دامەزرانی ئیمپراتۆریی ماد کە نزیکەی ٧٠٠ پێش لە زایین بووە، کراوە بە سەرەتای ساڵی ڕۆژژمێری کوردی، ئەویش کاتی دامەزرانی ئیمپراتۆریی مادە لە شاری هگمەتانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دیاکۆ دامەزرێنەری ئیمپراتۆریی ماد.

دیاکۆنۆف نووسەری ڕووسی لە کتێبی مێژووی ماد‌دا دەڵێت یەکەم دامەزرێنەری ئیمپراتۆریی ماد دیاکۆ، لە نێوان ساڵانی ٧٠٨ و ٦٥٥ی پ. ز. دەسەڵاتداریی کردووە. هەر لەو کتێبەدا دەوترێت کە هروودت مێژووزانی یۆنانی دەڵێت دیاکۆ لە نێوان ساڵانی ٧٢٧ تا ٦٧٥ی پ. ز. دەسەڵاتداریی کردووە. هەر جۆرێک بێت دەستپێکی ئەو ساڵانە ئەگەر لێک بدرێنەوە لە ٧٠٠ ساڵ پێش زایینەوە نزیکن، هەر بۆیە کورد بڕیاری داوە کە ٧٠٠ ساڵ پێش لە زایین بکاتە بنەمای دامەزرانی ئیمپراتۆریی ماد، چونکە ١٠ ـ ٢٠ ساڵ بۆ ٢٧٠٠ ساڵ پێش لە ئێستە بە ساڵانێکی کەم هەژمار دەکرێت و دەتوانرێت چاوپۆشی‌یان لێ بکرێت، بۆ ئەوەی دەستپێکەکە ڕێک بکرێتەوە و ٧٠٠ ساڵ پێش لە زایین بە دەستپێکی ئیمپراتۆریی ماد دیاری کرا.

لە دوای نەورۆز دەکرێت بەم جۆرە ساڵی کوردی بەدەست بهێنرێت

بگۆڕی ڕۆژژمێری کوردی

بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ڕۆژژمێر و ساڵی کوردی و نەورۆز تکایە چاو لەم بابەتە بکەن:

ڕۆژژمێر و ساڵی کوردی نەورۆز
 

***