ئازار 4, 2016 Diyako

دیاکۆ هاشمی، 2016-05-09

نوێکردنەوە: 2021-10-10

وەرگێڕانی باش

پێشەکی

وەرگێڕان یەکێک لە کارە هەرە سەخت و ئەستەمەکانە، چونکوو پێویستی بە لێزانی، کارامەیی و وردبینییە. ئەم کارە هێندە ئاڵۆز و هەستیارە کە ئیتالیایییەکان لە کۆنەوە وتوویانە: ترادووتۆرێ ـ ترادیتۆرێ (traduttore-traditore) واتە: (وەرگێڕ خایینە). دیارە ئەمە لەبەر گرنگیی ئەرکەکە وتراوە، چونکوو هەستیاریی ئەوە کاتێک دەردەکەوێت کە بە کردەوە دەست بکەیت بە وەرگێڕان لە دۆخە جۆربەجۆرەکاندا.

وەرگێڕان دوو جۆری سەرەکیی هەیە: زاری و نووسراوی کە (زارەکی =  شفاهی) و (نووسەکی = کتبی)شی پێ دەوترێت. زاری خۆی دابەش دەبێتە سەر چەند شێوازێک و بە ئەستەمترین شێوازی وەرگێڕان هەژمار دەکرێت. لە ئورووپا زۆر بایەخ بە وەرگێڕانی زاری دەدرێت و ڕێسا و یاسای زۆر تایبەتی بۆ دانراوە. هیوادارین لە وتارێکی تایبەتیی تردا بتوانین لەو یاسا و ڕێسایانە بدوێین.
لەم وتارەدا، بەگشتی هەوڵ دەدەین ئاماژە بکەینە هەندێک خاڵی گشتی بۆ وەرگێڕانێکی باش.

زمانی سەرچاوە یان زمانی مەبەست؟
وەرگێڕ هەمیشە لە شەڕێکی دەستەویەخەدایە کە ئاخۆ تا چ رادەیەک با بداتەوە بە لای زمانی سەرچاوە یان زمانی مەبەستدا. 

* باشترین وەرگێڕان ئەوەیە کە هیچ وشە و مەبەستێکی زمانی سەرچاوە لەبیر نەکرێت و نەقرتێنرێت، بەڵام هاوکات لە وەرگێڕاندا ڕێزمان و پێکهاتەی زمانی مەبەست لەبەر چاو بگیرێت.

* باشترین وەرگێڕان ئەوەیە کە وەرگێڕانێکی ئازاد نەبێت چونکوو لە وەرگێڕانی ئازاددا مەبەستی نووسەری زمانی سەرچاوە دەشێوێنرێت و وەرگێڕ وشەی خۆی تێکەڵ دەکات، بەڵکوو وەرگێڕانی ڕستە بە ڕستە بکرێت و مەبەستی ڕستەکە وەربگێڕدرێتەوە.

لە ڕستەدا نابێت کەڵک لە وەرگێڕانی وشە بە وشە وەربگیرێت، چونکە پێکهاتەی زمانەکان جیاوازن و شوێنی وشەکان، پێشبەند و پاشبەند، کار و بکەر و بەرکار و هتد لە ڕستەدا لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر جیاوازە.

چەند ڕێنوێنییەک بۆ وەرگێڕانێکی سەرکەوتووتر:

١. هەوڵ بدە بۆ زمانێک وەرگێڕان بکەیت کە لە منداڵییەوە پێی ئاشنا بوویت و خووت پێ گرتووە و لەگەڵی گەورە بوویت، چونکە زۆر وردەکاری هەن کە مرۆڤ هەرگیز بە گەوررەیی پێی ئاشنا نابێت، بەتایبەت ئەگەر تەنیا لەڕێی کتێبخوێندنەوەوە فێری زمانێکی نوێ بووبێت و هەرگیز بە شێوەی زارەکی لەگەڵ ئاخافتەری زمانە نوێیەکە نەدوابێت.

 

٢. ئەگەر وەرگێڕانت بۆ زمانێکی بیانی کرد و هەرچەند شارەزاییشت لەو زمانەدا هەبێت، پێشنیارت پێ دەکەین بەبێ ئەملا و ئەولا، وەرگێڕانەکەت پێش لە بڵاوبوونەوە بدەیتە کەسێکی شارەزا کە بەو زمانە فرچکی گرتووە و پێی گەورە بووە، تا پێداچوونەوەیەک لەسەر وەرگێڕانەکەت بکات.

sheqam_kurdistan

لەسەر هەموو تابلۆکانی ناو شاری هەولێر کورتەی (.Str) بۆ کورتەی (street) بەکار هێنراوە، بەڵام لە ئینگلیزیدا (St) بەکار دەهێنرێت، وەک: (شەقامی کامبریج Cambridge St). کەوا بێت ئەو تابلۆیەش دەبێت بنووسرێت: (Kurdistan St).

زۆر گرنگە لە وەرگێڕان و نووسینی زمانی بێگانەدا وردبین بین.

*  جاری وایە کەسێک زمانێک دەزانێت و هەر لەبەر ئەوە هەوڵ دەدات دەست بکات بە وەرگێڕان بۆ ئەو زمانە یان بەپێچەوانەکەی، بەڵام جاری وایە دوو وشە کە ڕواڵەتیان وەکوو یەکن بەڵام واتایان جیاوازە زۆر جار دەتوانن کێشەساز بن، بۆ نموونە وشەی (انقلاب) و (کودتا):

 

لە عەرەبیدا (انقلاب = coup).   

لە فارسیدا (انقلاب = revolution).

لە عەرەبیدا (الثورة = revolution).

لە فارسیدا (کودتا = coup).

 

واتە ئەوەی لە فارسیدا پێی دەڵێن (انقلاب)، عەرەب پێی دەڵێت (الثورة) و ئەوەی فارس پێی دەڵێت (کودتا) عەرەب پێی دەڵێت (انقلاب).

کەوا بێت بێگومان تێگەیشتنی کوردێکی ڕۆژهەڵاتی و باشووری لەو بارەدا جیاوازە، لە وەرگێڕاندا دەبێت وەرگێڕ فریوی وشەکە نەخوات، بەڵکوو دەبێت دڵنیا بێت بزانێت باش لە مەبەستەکە تێ گەیشتووە یان نە.

دەیان وشەی وا هەن کە لە دوو زماندا بەکار دەهێنرێن بەڕواڵەت لە یەک دەچن بەڵام واتای جیاوازیان هەیە بۆ نموونە وشەی (ماما، منزل، دریا، محصل، سرباز، ریزش و ) لە هەر دوو زمانی فارسی و دەریدا هەن، واتایان جیاوازە تەنیا شێوەیان لە یەک دەچێت و واتایان تەواو دوورە لە یەکتر (ماما = دایی، منزل = طبقە، دریا = رود، محصل = دانشجو، سرباز = دلیر، ریزش = سرماخوردگی).

* وشەی قۆز لە باشوور واتە جوان، جوانخاس، بۆ پیاو بەکار دەهێنرێت، بەڵام هەمان وشەی قۆز لە ڕۆژهەڵات بە کەسێک دەوترێت کە لەخۆبایی و فیسزل بێت.

* وتەی غەڵەتی کرد. لە باشووردا واتە هەڵەی کرد.، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتدا ئەو وتەیە زۆر قورسە و جۆرێکە لە جنێودان و نابێت بە کەسێک بڵێیت غەڵەتت کرد.

* وشەی لاق لە ناوچەی مووکریاندا واتە پێ، قاچ و دەکرێت بۆ مرۆڤ بەکار بهێنرێت، بەڵام لەلای خوارووی کوردستاندا وشەی لاق تەنیا بۆ ئاژەڵ بەکار دەهێنرێت و قەت ناکرێت بە مرۆڤێ بڵێیت لاقت چۆنە؟، چونکوو ئەگەر ئەوە بە کەسێک بڵێیت وەکوو ئەوەیە ئەو کەسە بە ئاژەڵ بناسیت.

* وشەی ئەرێ لە ڕۆژهەڵات زۆر ئاسایییە و هەموو کەسێک بەکاری دەهێنێت کەچی لە زۆر ناوچەی باشوور وەکوو سلێمانی ئەوە وشەیەکی نامۆیە و خەڵک ئەوە بەکار ناهێنت و لە باتیی ئەوە دەڵێت: بەڵێ، ئا.
وشەی کرمانج لە هەندێک ناوچەی بەرتەسکی کوردستان بۆ کەسێک بەکار دەهێنرێت کە بە لادێیی، نەخوێندەوار هەژمار بکرێت، کەچی لە کوردستانی گەورەدا کرمانج ئاماژەیە بە بەشێکی گەورەی کورد و ڕێزی تایبەتیی خۆی هەیە.

* وشەی خاڵ لە هەندێک ناوچەی کوردنشیندا واتە برای دایک، خاڵۆ، کەچی لە هەندێک شوێنی تردا واتە: نیشانە، نوختە.

* وشەی لووس لە هەندێ ناوچەی کوردنشیندا واتە: ساف، بێگەرد، کەچی هەمان وشە لە ناوچەی تری کوردەواری بەکار ناچێت و زیاتر وەبیرخەرەوەی وشەی فارسیی لوسە واتە: بێتام، کەسێ کە خۆی سووک دەکات.

* وشەی کەرەنتوو کە ئامێرێکی درەوکردنی سادەیە، لە ناوچەی مووکریاندا بەکار ناهێنرێت و خەڵک هەر ئەو وشەیە ناناسن و لە باتیی ئەوە وشە تورکییەکەی بۆ بەکار دەهێنن: مەڵەغان

* دەستەواژەی لە دەورت گەڕێم. لە ناوچەیەکی تردا پێی دەوترێت: بە قوربانت بم.

* لە ناوچەی هەولێر پیتی ڵ دەبێت بە ر و زۆربەی ئەو وشانەی کە لە ناوچەکانی تردا لیان تێدایە دەبن بە ر: (ماڵ = مار، دووکەڵ = دووکەر)

* وشەی سواربوون لە ڕۆژهەڵات بۆ هەموو دۆخێک بەکار دەهێنرێت، بەڵام لە ناوچەیەکی وەک سلێمانیدا باش نییە بڵێیت سوار بە.، چونکە سواربوون لەوێ زۆر جار بە واتای جووتبوون، نیشتنەکۆڵ دەدات، لەوێ باشترە بڵێیت: سەر کەوە.

* لە هەندێک ناوچەدا بە ڕەنگی شین دەوترێت (کەوە)، ئەگەر بە کەسیێک بڵێیت: سەر کەوە!، وەک ئەوەیە پێی بڵێیت: سەرشین. کەوا بێت: سواربوون = سەرکەوتن.

دەبێت بزانیت لە کام ناوچەدا چی بەکار دەهێنرێت. هەڵبەت لە زمانی ئەدەبیدا زۆر ئاسایییە بە کەسێک بڵێت: فەرموو، سەر کەوە.

* لە هەندێک ناوچەدا وشەی خوا واتە خوێ، کەچی لە شوێنی تردا واتە خودا.

بۆیە گرنگە مرۆڤ زۆر زۆر وریا بێت و شارەزاییی تەواوی لەسەر زمانەکەی هەبێت و بزانێت وشەکان بۆ چ مەبەستێک بەکار هاتوون و واتایان چییە.

 

٣. متمانەت هەمیشە بە یەک وشەنامەی دووزمانە نەبێت، بەتایبەت ئەوانەی کە لە زمانەکەماندا هەن، چونکە لەوانەیە زۆر واتای تایبەتی و پسپۆڕیی وشەکانیان پشتگوێ خستبێت. هەوڵ بدە بۆ دڵنیابوون لە واتای وشەیەکی پسپۆڕی چاو لە کۆمەڵێک وشەنامەی جۆربەجۆر بکەیت.

 

٤. بۆ تێگەیشتن لە واتای وشەیەکی دژوار، باشترین شت ئەوەیە کە هەوڵ بدەیت لە وشەنامەی یەکزمانە بکۆڵیتەوە کە واتای وشەکانی تێدا شی کراوەتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کە ئەو واتایەی کە لە وشەنامەیەکی تایبەتیدا نووسراوە بەڕاستی هەمان مەبەستی پێکاوە یان نا.

 

٥. لەم سەردەمەدا کۆمەڵێک وشەنامەی پسپۆڕیی بوارە جۆربەجۆرەکان وەکوو ئایتی، فیزیا، کیمیا، گیانەوەرزانی، پزیشکی، ڕاگەیاندن و هتد هاتوونەتە ئاراوە، زۆر لەو وشانە لە فەرهەنگە گشتییەکاندا نین و پێویستە تا ئەو کاتەی کە فەرهەنگنووسەکانمان بەوانە وەکوو مڵکی زمانی کوردی چاو لێ دەکەن و دەیانخەنە ناو وشەنامەکانیانەوە، وەرگێڕەکانمان ئاگاداری ئەوانە بن و هەوڵ بدەن کەڵک لەو فەرهەنگە پسپۆڕییانە وەربگرن.

بۆ نموونە وشەی وەک: ماڵپەڕ، دڵخواز، پەڕگە، نووسە، دراوە، نەرمەواڵە، ڕەقەواڵە، ڕاژەخواز، وێنۆچکە، ئالوول، خۆکار، خۆپاتە، پاشبنەما و هتد لەم سەردەمەدا ئیتر بەشێکن لە خەرمانی وشەی کوردی و دەبێت وەرگێڕەکانمان ئاگاداریان بن.

 

٦. لەم سەردەمەدا، بەهۆی تەکنیک و پێشکەوتنەوە کۆمەڵێک مەکۆ و سایت و پەڕەی فەیسبووک هەن که خەڵکانێکی زۆر لەوێدا بەشدارن و زۆریان شارەزای زمانی کوردین، ئەگەر بۆ وشەیەکی تایبەتی گیرت کرد، دەتوانیت پرسیارەکەت لە یەکێک لەو شوێنانەدا بپرسی و زۆر جار بێوەڵام نامێنیتەوە، بەڵام لەبیریشت نەچێت لەوانەیە زۆر بۆچوونی واش ببینیت کە لەسەر بنەمایەکی زمانەوانییانە دانەڕێژراون، بەڵام زۆر جاریش کەسانی شارەزا بەباشی دەتوانن ڕێنوێنیت بکەن.

ئەگەر لە وەرگێڕانی ڕستەیەکدا دوودڵیت، هەوڵ بدە بیدەیتە کەسێکی تر کە بۆ زمانە سەرچاوەکە وەری بگێڕێتەوە، بزانە ئایا دەچێتەوە سەر هەمان نووسینی پێش لە وەرگێڕان یان بووە بە شتێکی تر.

 

٧. لە کۆڕێکدا پارێزەرێکی سویدی باسی گرنگیی وەرگێڕانی دەکرد و گوتی: جارێک دەقێکمان لە سویدییەوە دا بە بنکەیەکی وەرگێڕان کە بیکەنە عەرەبی، پاشان هەمان دەقی بەعەرەبیکراومان دایە بنکەیەکی تری وەرگێڕان کە وەری بگێڕنەوە بۆ سویدی.

پارێزەرەکە گوتی: ئێمە لە دەرەنجامی ئەو کارە زۆر حەپەساین، چونکە ئەوەی وەرگێڕدرابووەوە سویدی، زۆر جیاوازیی هەبوو لەو دەقە سویدییەی کە لە پێشدا دامانبوو وەری بگێڕنەوە. ئەمە نیشان دەدات کە دەق لە وەرگێڕاندا چۆن گۆڕانی بەسەر دێت.
جا ئەو نموونەیە دەمانخاتەوە بیری ئەو وەرگێڕانە پلە دوو، پلە سێ و تەنانەت پلە چوارانەی کە لە زمانانی ترەوە دوای چەند وەرگێڕان کراونەتە کوردی. بیر بکەنەوە دەقێک کە بە فینلەندی نووسرابێت و پاشان کرابێتە ئینگلیزی و پاشان کرابێتە فارسی و پاش ئەو هەموو وەرگێڕانە کرابێتە کوردی، دەبێت چەندە گۆڕانی بەخۆیەوە بینیبێت!

 

٨. لە کاتی وەرگێڕانی دەقێکی دوورودرێژدا، هەوڵ بدە لە وەرگێڕانی وشە بە وشە و وەرگێڕانی ئازاد خۆت بپارێزی، بەڵکوو وەرگێڕانی ڕستە بە ڕستە بکە، چونکوو ئەو کاتە نە وەرگێڕانێکی سەیر بەدەستەوە دەدەیت و نە پەیامێک دەقرتێنرێت. لەو دۆخەشدا دەبێ واتا وەربگێڕیتەوە، نەک وشە بە وشە.

 

٩. هەر نەتەوەیەک بە شێوەی تایبەتی بیر دەکاتەوە، جاری وایه بەهیچ شێوەیەک ناتوانیت هەندێک دەستەواژە وشە بە وشە لە زمانێکەوە وەربگێڕیتەوە سەر زمانێکی تر، چونکە لە زمانی مەبەستدا هیچ واتایەک نابەخشن، بۆ نموونە ناتوانیت ئەم دەستەواژانەی خوارەوە وشە بە وشە بکەیتە سویدی، چونکە بەو ڕیزبوونە و بەو واتایانە بۆ ئەوان هیچ واتایەک نابەخشێت:
ماندوو نەبیت. 

بەسەر چاو.
کڵاوی نا سەرم.
خوا قەزات.
لە دەورت گەڕێم.

 

١٠. بۆ وەرگێڕان لەنێوان دوو زماندا، تەنیا زانینی وشە بەو دوو زمانە بەس نییە، دەبێت هەستی وەرگێڕان لە گیانتدا هەبێت و بە ڕاهێنانی زیاتر خۆت زاناتر بکەیت. هەروەها دەبێت لە بواری ئەو بابەتەی وەرگێڕانی لێ/ بۆ دەکەیت شارەزاییت هەبێت، بۆ نموونە کەسێک کە لە بواری نەخۆشەوانیدا خەریکی وەرگێڕانە، دەبێت لانی کەم لە بنەماکانی ئەو زانستەدا شارەزاییی هەبێت، ئەگەر کەسێک وەرگێڕان بۆ فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەری دەکات، دەبێت ئاگاداری یاسا و ڕێساکانی بواری پەنابەری بێت، نەک بە تەنیا هەوڵ بدات وشەکان وەربگێڕێتەوە، واتە دەبێت بەوردی بزانێت پەناخواز و پەنابەر چ جیاوازییەکیان هەیە و ڕەوتی پەنابەری هەر لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی چۆنە و ئەو یاسا و چەمکانەی لەو نێوانەدا بەکار دەهێنرێن چین و بڕگەکانی پەنابەری لە چی دەدوێن و یاساکانی پەنابەری چین.

ئەگەر کەسێک بۆ پۆلیس و لێکۆڵەر و داواکاری گشتی و دادگا وەرگێڕان دەکات، دەبێت بەوردی ئاگاداری هەموو خاڵەکانی ئەو بوارە بێت، دەبێت بزانێت گومانلێکراو، تۆمەتبار و تاوان و تاوانبار چین، چی بە ڕەوتی تاوانکردن هەژمار دەکرێت و کێ و چۆن لێکۆڵینەوە دەکات و یاسا لەو بوارانەدا چی دەڵێت. لە دادگادا پێویستە وەرگێڕان هێندە شارەزا بێت کە بتوانێت وەرگێڕانی هاوکات بکات، واتە دوای چرکەیەک دەست بکات بە وەرگێڕان. لە دادگادا کات نادرێتە وەرگێڕ، وەرگێڕ دەبێت وەک کۆمپیوتەرێک خێرا چەمکەکان بزانێت و وەریان بگێڕێتەوە. وردبین بێت، تەنانەت تێکەڵکردنی نیشانەی تاک و کۆ لە دادگادا دەتوانێت کارەساتی لێ بوەشێتەوە، هەر بۆیە وەرگێڕی ئەو بوارە دەبێت خولی تایبەتیی یاسای خوێندبێت، لە وڵاتی سویددا بۆ هەموو بوارەکان و بەتایبەتی بۆ بواری یاسازانی خولی تایبەت بۆ وەرگێڕەکان دانراوە، دەبێت یاسا و ڕێسای زۆر فێر ببێت و هاوکاتیش هەزاران وشە لەبەر بکات.

١١. نەک وشە، بەڵکوو دەبێت هەست و نەستی زمانی سەرچاوەش بگوێزیتەوە بۆ خوێنەری زمانی مەبەست. بۆ نموونە (کوند، بایەقوش) لە فەرهەنگی نەتەوەکانی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئەفریقاش نوێنەری نەگریسی و ماڵوێرانییە، بەڵام لە ئەورووپای نوێ ئەوە نوێنەری ئاوەز و ژیرییە. چونکوو لە یۆنانی ئانتیکدا کوند مەلی پیرۆزی خواژنی ژیری و ئاوەز (ئاتێنا) بوو. جا ئەگەر هۆنراوەیەک وەربگێڕیتەوە کە سەردێڕەکەی بە بایەقوش دیاری کرابێت، دەبێت بزانیت لە کام فەرهەنگەوە بۆ کام فەرهەنگ وەرگێڕان دەکەیت، ئایا وەرگێڕانەکەت دەتوانێت هەمان هەست و نەست لای زمانی دووەم بەدی بهێنێت؟

kundebebu

کوند نوێنەری ماڵوێرانی یان ژیری؟

 

 

١٢. یەکێک لەو یاسایانەی کە وەرگێڕێک دەبێت بەوردی شارەزاییی لێ هەبێت پێی دەوترێت تایپۆلۆجیی زمان یان (تایپۆلۆجیی زمانەوانی Linguistic typology).
وشەکانی هەر زمانێک لەناو ڕستەدا بەپێی ڕێسای تایبەت بەو زمانە ڕیز بوون. سیستەمی ڕیزبوونی بکەر subject، کار verb، بەرکار objectی زمانەکان هەمیشە وەکوو یەک نین.

 

subjectverbobject
subjectobjectverb
verbsubjectobject
verbobjectsubject
objectsubjectverb
objectverbsubject

ڕستەیەکی ئینگلیزی وا ڕیز دەبێت:

SVO
We drink water.

ئەگەر بێت و ئەو ڕستەیە وەربگێڕینەوە و بەپێی سیستەمی (بکەر، کار، بەرکار SVO) ڕێکی بخەین دەبێت بڵێین: (من دەخۆمەوە ئاو.)، هەموومان دەزانین کە ئەوە هەڵەیە و کورد وا قسە ناکات بەڵکوو سیستەمی تایپۆلۆجیی زمانی کوردی (بکەر، بەرکار، کار SOV)ە و بەپێی ئەوە دەبێت بڵێین: (من ئاو دەخۆمەوە.)
ئەمڕۆکە زۆر جار دەقی وەرگێڕدراو دەبینین کە بەداخەوە زۆر زوو دەردەکەوێت کە وەرگێڕەکەی هەر ناوی سیستەمی تایپۆلۆجیی زمانەوانیی نەبیستووە و ڕستەسازیی زمانی بێگانە بەزۆر دەسەپێنێت بەسەر زمانی کوردیدا.

کەوا بێت، لە کاتی وەرگێڕاندا، ڕستەسازیی زمانی مەبەست لەبەر چاو بگرە و بایەخ بەوە بدە و ڕستەسازیی زمانی سەرچاوە مەسەپێنە بەسەر زمانی مەبەستدا.

 

١٣. زۆر جار بەئاسانی دەتوانین بکەوینە ژێر کاریگەریی زمانێکی بێگانەوە:

komellga

کۆمەڵگای پزیشکیی خێرخوازیی زەهرا

ئەو دەقە کوردییە ڕێک وشە بە وشە بەپێی تایپۆلۆجیی زمانی عەرەبی کراوەتە کوردی کە تێکدانی تایپۆلۆجیی کوردییە، دروستەکەی ئاوایە: کۆمەڵگای پزیشکیی خێرخوازیی زەهرا
ئێمە دەتوانین بڵێین: کۆمەڵگا پزیشکییە خێرخوازییەکەی زەهرا، بەڵام ناتوانین بڵێین: کۆمەڵگا زەهرا پزیشکییە خێرخوازییەکە، کەوا بێت ناشکرێت بڵێین کۆمەڵگای زەهرای پزیشکی خێرخوازی.

 

١٤. کورد لە کۆنەوە بە پاشگری (انە) وشەی نوێی داڕشتووە، بۆ نموونە، پیاو + انە = پیاوانە.
پیاوانە واتە ئەو شت/شتانەی کە تایبەت بە پیاو بن، وەک جل، کار، قسە، بەڵێن، حەمام و هتد.
دەشتوانێت بۆ هەر کەسێکی تر بێت وەک: ژنانە، کوڕانە، کچانە، منداڵانە، گەنجانە، پیرانە و هتد.
قسەیەکی پیاوانەی کرد.
کارێکی منداڵانەی کرد.
جلی ژنانەی کوردی زۆر جوانە.

دەتوانین ئێستەش لەسەر هەمان پێوەر وشە نوێیەکانمان ساز بکەین، وەک:
قوتابخانەی کوڕانە، قوتابخانەی کچانە
واتە قوتابخانەیەک کە تایبەتە بە کوڕان، قوتابخانەیەک کە تایبەتە بە کچان.
لە فارسییشدا کە سیستەمی تایپۆلۆجییەکەی وەک کوردییە دەوترێت: مدرسە پسرانە، مدرسە دخترانە.
جا ئەگەر ئەو قوتابخانە کوڕانە یان کچانە ناوێکیشی هەبێت ناوەکە پاش ئەو دوو وشەیە دەنووسین، بۆ نموونە:
قوتابخانەی کوڕانەی قانع، واتە قوتابخانەکە کوڕانەیە و تایبەتە بە کوڕان و ناویشی قانعە، ناکرێ بنووسین: قوتابخانەی قانعی کوڕان، ئەوە وەکوو ئەوەیە کە بڵێین قوتابخانەکە قانعە و هی کوڕانە، یان قوتابخانەکە هی قانعە و قانعیش هی کوڕانە، بۆیە دەبێت بنووسین: قوتابخانەی کوڕانەی قانع.

جا لەبەر ئەوە هەموو ئەم تابلۆیانە کە بەپێی تایپۆلۆجیی عەرەبی وەرگێڕدراونەتەوە یان نووسراون، دەبێت بەزوویی بگۆڕدرێن:

shorrriiish

ئامادەیی کوڕانەی شۆڕش

kamelbesir 
قوتابخانەی بنەڕەتیی کوڕانەی کامل بصیر

qedemxer

قوتابخانەی سەرەتاییی تێکەڵاوی قەدەمخێر

zellim

قوتابخانەی بنەڕەتیی تێکەڵاوی زەڵم

kurdistannewdewlleti

سەنتەری نێودەوڵەتیی کوردستان

midyaypizishki

سەنتەری پزیشکیی میدیا / ناوەندی پزیشکیی میدیا

 

 

نموونەیەکی تری هەڵە و داسەپاندنی تایپۆلۆجیی عەرەبی ئەوەیە کە بۆ نموونە دەڵێن:
شوێنی کاروان بۆ فرۆشتنی کۆمپیوتەر. 
کورد لە کۆنەوە وتوویەتی، تەماتەفرۆشی، میوەفرۆشی، سەهۆڵفرۆشی، لەسەر هەمان بنەماش دەتوانێت بڵێت: کۆمپیوتەرفرۆشی، ئیتر بۆ بڵێین: شوێنی کاروان بۆ فرۆشتنی کۆمپیوتەر؟ ئایا ئەمە داسەپاندنی تایپۆلۆجیی زمانی بێگانە نییە بەسەر کوردیدا؟

 

osmanmuhendes

فرۆشگەی جلوبەرگی پیاوانە

جاری وایە وەرگێڕانێکی سەیروسەمەرە دەبینی کە زیاتر لە دارمیوەی متوربەکراو دەچێت بە وشەی کوردی و عەرەبی:

nakurdi

 

١٥. جاری وایە وەرگێڕ لەنێوان دوو زماندا گیر دەکات کە وشەدانەکانیان وەکوو یەک نین، بۆیە لەوێ دەبێت زیرەک بێت و شارەزای زانستی زاراوەزانی بێت، ڕەنگە لە هەندێک شوێندا ناچار ببێت کاری وشەسازی بکات، بۆیە وەرگێڕێک دەبێت بۆ نموونە بزانێت کە یاسا و ڕێساکانی وشەسازی چین و دەبێت بەوردی لێیان تێ بگات و بزانێت کامیان بکاتە بنەما بۆ وشەسازی.

 

وشهسازی word-formation
١. بە یارمەتیی گیرەک 1. Affixation
٢. پاشسازی 2. Back Formation
٣. تێکەڵکردن 3. Blending
٤. کورتکردنەوە 4. Clipping
٥. لێکدان 5. Compounding
٦. گۆڕین 6. Conversion
٧. داڕشتن 7. Derivation
٨. قهرزهوهرگێڕان 8. Loan Translation (Calque)
٩. قهرزهوشه 9. Loanword
١٠. نوێوشهخوازی 10. Neologism
١١. وشەی ئاڵۆز 11. complex word

 

١٦. هەر کاتێک دەقێک بۆ نموونە لە زمانی ئێنگلیزییەوە وەرگێڕدرابێتە سەر زمانێکی دیکەی وەک عەرەبی و تۆش بتەوێت لەوێوە بیکەیتە کوردی، دەبێت وربین بیت کە ناوەکان وەک زمانی عەرەبی نەنووسیتەوە، چونکوو ئەوان پیتیان بۆ هەندێک دەنگ نییە و وشەکان بە شێوەیەکی تر دەنووسنەوە، بەڵام ئێمە بەرانبەریان پیتمان هەیە و دەبێت هەوڵ بدەیت کە ناوەکان لە بنەڕەتدا بدۆزیتەوە و بەپێی توانای زمانی کوردی بییاننووسیتەوە، بۆ نموونە:

لە عەرەبیدا (ڕیچارد) بە (ریتشارد) دەنووسنەوە و نابێت فریوی نووسین بە عەرەبی بخۆین. هەروەها:

(ئەرشیف/ آرشیو) بە (ئەرشیڤ) بنووسرێت و (بانق) بە (بانک)، (صین) بە (چین)، (یابان) بە (ژاپۆن)، (غوستاف) بە (گوستاڤ)، (مارغاریتا) بە (مارگاریتا)، (غابرییل غارسیا) بە (گابریەل گارسیا)،  (غاندی) بە (گاندی) بنووسرێنەوە.

گەلێک ناوی تر هەن کە لە فارسی و بەتایبەت لە عەرەبیدا نووسینەوەیان گۆڕانیان بەسەر هاتووە و دەبێت هەوڵ بدەین بە ڕێنووسی کوردی بیاننووسینەوە، بۆ نموونە وشەی (Video) بە کوردی وا دەنووسرێت: (ڤیدیۆ)، نەک وەک فارسی بنووسین (ویدیو) و نەک وەک عەرەبییش بنووسین (فیدیو).

دەرەنجام

وەرگێڕان ئەرکێکی گرنگە و مرۆڤ دەبێت هەستی دەروونیی تایبەتیی بۆی هەبێت، بەڵام دەتوانێت توانایییەکەی بە ڕاهێنان و سەرنجدانی یاسا و ڕێساکان بەهێزتر بکات. ئەمڕۆکە زۆر لە تابلۆکانی هەندێک لە شارەکان بەپێی تایپۆلۆجیی زمانی عەرەبی کراونەتە کوردی یان نووسراون، پێویستە زمانی کوردی بکەینە پێوانە بۆ نووسینەکان و وەرگێڕانەکانمان، دەبێت هەموو ئەو هەڵانەی کە لە شوێنە گشتییەکاندان بەزووترین کات چاک بکرێنەوە، چونکە ئەوانە دەبنە هۆی سەرلێشێواندنی خەڵکی ئاسایی و ڕێنووس و ڕێزمان و تایپۆلۆجی بەهەڵە فێری خەڵک دەکەن.