دیاکۆ هاشمی، 2016-05-09

وەرگێڕانی باش

پێشەکی

وەرگێڕان یەکێک لە کارە هەرە سەخت و ئەستەمەکانە چونکوو پێویستی بە لێزانی، کارامەیی و وردبینییە. ئەم کارە هێندە ئاڵۆز و هەستیارە کە ئیتالیایییەکان لە کۆنەوە وتوویانە: ترادووتۆرێ ـ ترادیتۆرێ” (traduttore-traditore) واتە: (وەرگێڕ ـ خایین)ە. دیارە ئەمە لەبەر گرنگیی ئەرکەکە وتراوە، چونکوو هەستیاریی ئەوە کاتێ دەردەکەوێت کە بە کردەوە دەست بکەیت بە وەرگێڕان لە دۆخە جۆربەجۆرەکاندا.

وەرگێڕان دوو جۆری سەرەکیی هەیە: زاری و نووسراوی. زاری خۆی دابەش دەبێتە سەر چەند شێوازێک و بە ئەستەمترین شێوازی وەرگێڕان هەژمار دەکرێت. لە ئورووپا زۆر بایەخ بە وەرگێڕانی زاری دەدرێت و ڕێسا و یاسای زۆر تایبەتی بۆ دانراوە. هیوادارین لە وتارێکی تایبەتیی تردا بتوانین لەو یاسا و ڕێسایانە بدوێین.
لەم وتارەدا، بەگشتی هەوڵ دەدەین ئاماژە بکەینە هەندێ خاڵی گشتی بۆ وەرگێڕانێکی باش.

زمانی سەرچاوە یان زمانی مەبەست؟
وەرگێڕ هەمیشە لە شەڕێکی دەستەویەخەدایە کە ئاخۆ تا چ رادەیەک با بداتەوە بە لای زمانی سەرچاوە” یان زمانی مەبەست”دا. 

* باشترین وەرگێڕان ئەوەیە کە هیچ وشە و مەبەستێکی زمانی سەرچاوە لەبیر نەکرێت و نەقرتێنرێت، بەڵام هاوکات لە وەرگێڕاندا ڕێزمان و پێکهاتەی زمانی مەبەست لەبەر چاو بگیرێت.

* باشترین وەرگێڕان ئەوەیە کە وەرگێڕانێکی ئازاد نەبێت چونکوو لە وەرگێڕانی ئازاددا مەبەستی نووسەری زمانی سەرچاوە دەشێوێنرێت و وەرگێڕ وشەی خۆی تێکەڵ دەکات، بەڵکوو وەرگێڕانی ڕستە بە ڕستە بکرێت و مەبەستی ڕستەکە وەربگێڕدرێتەوە.

لە ڕستەدا نابێت کەڵک لە وەرگێڕانی وشە بە وشە بگیرێت، چونکوو پێکهاتەی زمانەکان جیاوازن و شوێنی وشەکان لە ڕستەدا لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر جیاوازە.

چەند ڕێنوێنییەک بۆ وەرگێڕانێکی سەرکەوتووتر:

١. هەوڵ بدە بۆ زمانێک وەرگێڕان بکەی کە لە منداڵییەوە پێی ئاشنا بووی و خووت پێ گرتووە و لەگەڵی گەورە بووی، چونکوو زۆر وردەکاری هەیە کە مرۆڤ هەرگیز بە گەوررەیی پێی ئاشنا نابێت، بەتایبەت ئەگەر مرۆڤ زمانە نوێیەکەی تەنیا لە ڕێی کتێبخوێندنەوەوە فێر بووبیت.

 

٢. ئەگەر وەرگێڕانت بۆ زمانێکی بیانی کرد و هەرچەند شارەزاییشت لەو زمانەدا هەبێت، پێشنیارت پێ دەکەین بەبێ ئەملا و ئەولا، وەرگێڕانەکەت پێش لە بڵاوبوونەوە بدەیتە کەسێکی شارەزا کە بەو زمانە فرچکی گرتووە و پێی گەورە بووە، تا پێداچوونەوەیەک لەسەر وەرگێڕانەکەت بکات.

sheqam_kurdistan

ئەگەر وردبینی هەبوایە ئەو هەڵەیە نەدەکەوتە سەر هەموو تابلۆکانی ناو شاری هەولێر، چونکوو کورتەی وشەی (street) بە ئینگلیزی نابێتە (.Str) بەڵکوو دەبێتە (.St).

زۆر گرنگە لە وەرگێڕان و نووسینی زمانی بێگانە وردبین بین.

* جاری وایە کەسێک زمانێک دەزانێ و بە بۆنەی ئەوەوە هەوڵ دەدات وەرگێڕان بۆ زمانێکی تریش کە لەوەوە نزیکە  بکات، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک کە فارسی باش دەزانێ و بیەوێ دەقێک لە زمانی دەری بکاتە فارسی و تەنیا لەبەر ئەوەی کە فارسی و دەری زۆر لە یەک نزیکن دەست بکات بە وەرگێڕان دەتوانێ تووشی هەڵەی گەورە ببێت، چونکوو زۆر وشەی فارسی و دەری بە ڕواڵەت لە یەک دەچن بەڵام لە واتادا تەواو جیاوازن، بۆ نموونە وشەی (ماما، منزل، دریا، محصل، سرباز، ریزش و ) لە هەر دوو زمانەکەدا هەن، بەڵام تەنیا شێوەیان لە یەک دەچێت و واتایان تەواو دوورە لە یەکتر (ماما = دایی، منزل = طبقە، دریا = رود، محصل = دانشجو، سرباز = دلیر، ریزش = سرماخوردگی).

* یان وشەی قۆز” لە باشوور واتە جوان، جوانخاس، بۆ پیاو بەکار دەهێنرێت، بەڵام هەمان وشەی قۆز” لە ڕۆژهەڵات بە کەسێک دەوترێت کە لەخۆبایی و فیسزل بێت.

* وتەی غەڵەتی کرد” لە باشووردا واتە هەڵەی کرد”، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتدا ئەو وتەیە زۆر قورسە و جۆرێکە لە جنێودان.

* وشەی لاق” لە ناوچەی مووکریان واتە پێ، قاچ” و دەکرێت بۆ مرۆڤ بەکار ببرێت بەڵام لە لای خوارووی کوردستان وشەی لاق” تەنیا بۆ ئاژەڵ بەکار دەبرێت و قەت ناکرێت بە مرۆڤێ بڵێیت لاقت چۆنە؟، چونکوو ئەگەر ئەوە بە کەسێک بڵێیت وەکوو ئەوەیە ئەو کەسە بە ئاژەڵ بناسیت.

* وشەی ئەرێ” لە ڕۆژهەڵات زۆر ئاسایییە و هەموو کەسێک بەکاری دەبات کەچی لە زۆر ناوچەی باشوور وەکوو سلێمانی ئەوە وشەیەکی نامۆیە و خەڵک ئەوە بەکار نابات و لە باتیی ئەوە دەڵێت: بەڵێ، ئا”.
وشەی کرمانج” لە هەندێ ناوچەی کوردستان بۆ کەسێک بەکار دەبرێت کە بە لادێیی، ناخوێندەوار” هەژمار بکرێت.

* وشەی خاڵ” لە هەندێ ناوچەی کوردنشیندا واتە برای دایک، خاڵۆ”، کەچی لە هەندێ شوێنی تردا واتە: نیشانە، نوختە”.

* وشەی لووس” لە هەندێ ناوچەی کوردنشیندا واتە: ساف، بێگەرد”، کەچی هەمان وشە لە ناوچەی تری کوردەواری بەکار ناچێت و زیاتر وەبیرخەرەوەی وشەی فارسیی لوس”ە واتە: بێتام، کەسێ کە خۆی سووک دەکات”.

* وشەی کەرەنتوو” کە ئامێرێکی درەوکردنی سادەیە، لە ناوچەی مووکریاندا بەکار ناچێت و خەڵک هەر ئەو وشەیە ناناسن و لە باتیی ئەوە وشە تورکییەکەی بۆ بەکار دەبەن: مەڵەغان”

* دەستەواژەی لە دەورت گەڕێم” لە ناوچەیەکی تردا پێی دەوترێت: بە قوربانت بم”.

* لە ناوچەی هەولێر پیتی ڵ” دەبێت بە ر” و زۆربەی ئەو وشانەی کە لە ناوچەکانی ترد ل”یان تێدایە دەبن بە ر”: (ماڵ = مار، دووکەڵ = دووکەر)

* وشەی سواربوون” لە ڕۆژهەڵات بۆ هەموو دۆخێک بەکار دەچێت بەڵام لە ناوچەیەکی وەک سلێمانیدا ناتوانی بڵێیت کابرا سوار بوو. چونکوو ئەوە لەوێ زیاتر مانای جووتبوون، نیشتنەکۆڵ” دەدات و بۆ ئەوە دەبێ بڵێی کابرا سەر کەوت.

* لە سلێمانی دەتوانرێ بە کەسێک بوترێت: سەرکەوە!، ئەگەر هەمان وشە لە هەندێ ناوچەی ڕۆژهەڵات بە کەسێک بڵێی وەک ئەوەیە پێی بڵێی: سەرشین”، چونکوو لە هەندێ ناوچە بە ڕەنگی شین” دەڵێن کەوە” و ئەوان پێیان وایە پێیان دەڵێی کە سەری ڕەنگی شینی هەیە. کەچی لە سلێمانی مەبەستیان ئەوەیە سەر کەوە بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکە، کە لەولا پێی دەڵێن: سواربە! واتە وەرە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە.
کەوا بێت سواربوون = سەرکەوتن”

* لە هەندێ ناوچەدا وشەی خوا” واتە خوێ”، کەچی لە شوێنی تردا واتە خودا”.

بۆیە گرنگە مرۆڤ زۆر زۆر وریا بێت و شارەزاییی تەواوی لەسەر زمانەکەی هەبێت و بزانێ وشەکان بۆ چ مەبەستێک بەکار هاتوون و واتایان چییە.

 

٣. متمانەت هەمیشە بە یەک وشەنامەی دووزمانە نەبێت، بەتایبەت ئەوانەی کە لە زمانەکەماندا هەن، چونکوو لەوانەیە زۆر واتای تایبەتی و پسپۆڕیی وشەکانیان پشتگوێ خستبێت. هەوڵ بدە بۆ دڵنیایی چاو لە کۆمەڵێ وشەنامەی جۆربەجۆر بکەی بۆ دڵنیابوون لە واتای وشەیەکی پسپۆڕی.

 

٤. بۆ تێگەیشتن لە واتای وشەیەکی دژوار، باشترین شت ئەوەیە کە هەوڵ بدەی لە وشەنامەی یەکزمانە بکۆڵیتەوە کە واتای وشەکانی تێدا شی کراوەتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کە ئەو واتایەی کە لە وشەنامەیەکی تایبەتیدا نووسراوە بەڕاستی هەمان مەبەستی پێکاوە یان نا.

 

٥. لەم سەردەمەدا کۆمەڵێ وشەنامەی پسپۆڕیی بوارە جۆربەجۆرەکان وەکوو ئایتی، فیزیا، کیمیا، گیانەوەرزانی، پزیشکی، ڕاگەیاندن و هتد هاتوونەتە ئاراوە، زۆر لەو وشانە لە فەرهەنگە گشتییەکاندا نین و پێویستە تا ئەو کاتەی کە فەرهەنگنووسەکانمان بەوانە وەکوو مڵکی زمانی کوردی چاو لێ دەکەن و دەیانخەنە ناو وشەنامەکانیانەوە، وەرگێڕەکانمان ئاگاداری ئەوانە بن و هەوڵ بدەن کەڵک لەو فەرهەنگە پسپۆڕییانە وەرگرن.

بۆ نموونە وشەی وەک: ماڵپەڕ، دڵخواز، پەڕگە، نووسە، دراوە، نەرمەواڵە، ڕەقەواڵە، ڕاژەخواز، وێنۆچکە، ئالوول، خۆکار، خۆپاتە، پاشبنەما و هتد” لەم سەردەمەدا ئیتر بەشێکن لە خەرمانی وشەی کوردی و دەبێ وەرگێڕەکانمان ئاگاداریان بن.

 

٦. ئەوڕۆکە بە هۆی تەکنیک و پێشکەوتنەوە کۆمەڵێ مەکۆ و سایت و پەڕەی فەیسبووک هەیە کە خەڵکانێکی زۆر لەوێدا بەشدارن و زۆریان شارەزای زمانی کوردین. ئەگەر بۆ وشەیەکی تایبەتی گیرت کرد، دەتوانی پرسیارەکەت لە یەکێک لەو شوێنانەدا بپرسی و زۆر جار بێوەڵام نامێنێتەوە، بەڵام لەبیریشت نەچێت لەوانەیە زۆر بۆچوونی واش ببینی کە لەسەر بنەمایەکی زمانەوانییانە دانەڕێژراوە، بەڵام زۆر جاریش کەسانی شارەزا بەباشی دەتوانن ڕێنوێنیت بکەن.
یەکێک لەو شوێنانە لە فەیسبووکدا پەڕەی زمانی ستانداردی کوردی”یە کە زۆر جار وشەی کوردی لەوێدا تاووتوێ دەکرێت.
ئەگەر لە وەرگێڕانی ڕستەیەکدا دوودڵی، هەوڵ بدە یبدەیتە کەسێکی تر کە بۆ زمانە سەرچاوەکە وەری بگێڕێتەوە، بزانە ئایا دەچێتەوە سەر هەمان نووسینی پێش لە وەرگێڕان، یان بووە بە شتێکی تر.

 

٧. لە کۆڕێکدا پارێزەرێکی سویدی باسی گرنگیی وەرگێڕانی دەکرد و وتی جارێک دەقێکمان لە سویدییەوە داوەتە بنکەیەکی وەرگێڕان کە بیکەنە عەرەبی، پاشان هەمان دەقی بەعەرەبیکراومان داوەتە بنکەیەکی تری وەرگێڕان کە بیکەنەوە سویدی. پارێزەرەکە دەیویت ئێمە لە دەرەنجامی ئەو کارە زۆر حەپەساین، چونکوو ئەوەی کرابووەوە سویدی، زۆر جیاوازیی هەبوو لەو دەقە سویدییەی کە لە پێشدا دامانبوو بۆ وەرگێڕان. ئەمە نیشان دەدات کە دەق لە وەرگێڕاندا چۆن گۆڕانی بەسەر دێت.
جا ئەو نموونەیە دەمانخاتەوە بیری ئەو وەرگێڕانە پلە دوو، پلە سێ و تەنانەت پلە چوارانەی کە لە زمانانی ترەوە دوای چەند وەرگێڕان کراونەتە کوردی. بیر کەنەوە دەقێک کە بە فینلەندی نووسرابێت و پاشان کرابێتە ئینگلیزی و پاشان کرابێتە فارسی و پاش ئەو هەموو وەرگێڕانە کرابێتە کوردی، دەبێت چەندە گۆڕانی بەخۆیەوە بینیبێت!

 

٨. لە کاتی وەرگێڕانی دەقێکی دوورودرێژدا، هەوڵ بدە لە وەرگێڕانی وشە بە وشە و وەرگێڕانی ئازاد خۆت بپارێزی، بەڵکوو وەرگێڕانی ڕستە بە ڕستە بکە، چونکوو ئەو کاتە نە وەرگێڕانێکی سەیر بەدەستەوە دەدەیت و نە پەیامێک دەقرتێنرێت. لەو دۆخەشدا دەبێ واتا وەربگێڕیتەوە، نەک وشە بە وشە.

 

٩. نەتەوەکانی خاوەن زمانی جۆربەجۆر، فەرهەنگی تایبەت بە خۆیان هەیە و جاری وایه هەندێ دەستەواژە بە هیچ شێوەیەک ناتوانی وشە بە وشە وەربگێڕیتەوە و جاری وایە وەرگێڕانیان هیچ واتایەک لە زمانێکی تردا نابەخشێت، بۆ نموونە ئەم ڕستانە دەکرێت وشە بە وشە بکرێنە فارسی، بەڵام ناتوانی وشە بە وشە بیانکەیتە سویدی، چونکوو بەو ڕیزبوونە بۆ ئەوان هیچ واتایەک نابەخشێت:
بەسەر چاو.
کڵاوی نا سەرم.
خوا قەزات.
لە دەورت گەڕێم.

 

١٠. بۆ وەرگێڕان لە نێوان دوو زماندا، تەنیا زانینی وشە بەو دوو زمانە بەس نییە، دەبێ هەستی وەرگێڕان لە گیانتدا هەبێت و بە ڕاهێنانی زیاتر خۆت زاناتر بکەیت. هەروەها دەبێ لە بواری ئەو بابەتەی وەرگێڕانی لێ/ بۆ” دەکەی شارەزاییت هەبێت.
بۆ نموونە کەسێک کە خەریکی وەرگێڕان لە بواری نەخۆشەوانییە، دەبێت لانی کەم لە بنەماکانی ئەو زانستەدا شارەزاییی هەبێت و ئەگەر کەسێک وەرگێڕان بۆ فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەری دەکات، دەبێ ئاگاداری یاسا و ڕێساکانی بواری پەنابەری بێت،  نەک بە تەنیا هەوڵ بدات وشەکان وەربگێڕێتەوە، واتە دەبێ شارەزای یاسای پەنابەری بێت.

 

١١. نەک وشە، بەڵکوو دەبێ هەست و نەستی زمانی سەرچاوەش بگوێزیتەوە بۆ خوێنەری زمانی مەبەست. بۆ نموونە (کوند، بایەقوش) لە فەرهەنگی نەتەوەکانی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئەفریقاش نوێنەری نەگریسی و ماڵوێرانییە، بەڵام لە ئەورووپای نوێ ئەوە نوێنەری ئاوەز و ژیرییە. چونکوو لە یۆنانی ئانتیکدا کوند مەلی پیرۆزی خواژنی ژیری و ئاوەز (ئاتێنا) بوو. جا ئەگەر هۆنراوەیەک وەربگێڕیتەوە کە سەردێڕەکەی بە بایەقوش” دیاری کرابێت، دەبێ بزانی لە کام فەرهەنگەوە بۆ کام فەرهەنگ وەرگێڕان دەکەی و ئایا هەمان هەست و نەست لای زمانی دووەم بەدی دەهێنی.

kundebebu

کوند نوێنەری ماڵوێرانی یان ژیری؟

 

 

١٢. یەکێک لەو یاسایانەی کە وەرگێڕێک دەبێ بەوردی شارەزاییی لێ هەبێت پێی دەوترێت تایپۆلۆجیی زمان” یان (تایپۆلۆجیی زمانەوانی Linguistic typology).
هەر زمانێک وشەکانی لەناو ڕستەدا بەپێی ڕێسای تایبەت بەخۆی ڕیز بووە و سیستەمی ڕیزبوونی بکەر subject، کار verb، بەرکار object”ی زمانەکان هەمیشە وەکوو یەک نین.

 

subject–verb–object
subject–object–verb
verb–subject–object
verb–object–subject
object–subject–verb
object–verb–subject

ڕستەیەکی ئینگلیزی وا ڕیز دەبێت:

SVO
We drink water.

ئەگەر بێت و ئەو ڕستەیە وەربگێڕینەوە و بەپێی سیستەمی (بکەر، کار، بەرکار SVO) ڕێکی بخەین دەبێ بڵێین: (من دەخۆمەوە ئاو.)، هەموومان دەزانین کە ئەوە هەڵەیە و کورد وا قسە ناکات بەڵکوو سیستەمی تایپۆلۆجیی زمانی کوردی (بکەر، بەرکار، کار SOV)ە و بەپێی ئەوە دەبێ بڵێین: (من ئاو دەخۆمەوە.)
ئەوڕۆکە زۆر جار دەقی وەرگێڕدراو دەبینین کە بەداخەوە زۆر زوو دەردەکەوێت کە وەرگێڕەکەی هەر ناوی سیستەمی تایپۆلۆجیی زمانەوانیی نەبیستووە و ڕستەسازیی زمانی بێگانە بە زۆر دەسەپێنێ بەسەر زمانی کوردیدا.

کەوا بێت، لە کاتی وەرگێڕاندا، ڕستەسازیی زمانی مەبەست لەبەر چاو بگرە و بایەخ بەوە بدە و ڕستەسازیی زمانی سەرچاوە مەسەپێنە بەسەر زمانی مەبەستدا.

 

١٣. زۆر جار بەئاسانی دەتوانین بکەوینە ژێر کاریگەریی زمانێکی بێگانەوە:

komellga

کۆمەڵگای پزیشکیی خێرخوازیی زەهرا

ئەو دەقە کوردییە ڕێک وشە بە وشە بەپێی تایپۆلۆجیی زمانی عەرەبی کراوەتە کوردی کە تێکدانی تایپۆلۆجیی کوردییە، دروستەکەی ئاوایە: کۆمەڵگای پزیشکیی خێرخوازیی زەهرا
ئێمە دەتوانین بڵێین: کۆمەڵگا پزیشکییە خێرخوازییەکەی زەهرا، بەڵام ناتوانین بڵێین: کۆمەڵگا زەهرا پزیشکییە خێرخوازییەکە، کەوا بێت ناشکرێ بڵێین کۆمەڵگای زەهرای پزیشکی خێرخوازی.

 

١٤. کورد لە کۆنەوە بە پاشگری (انە) وشەی نوێی داڕشتووە، بۆ نموونە، پیاو + انە = پیاوانە
پیاوانە واتە ئەو شت/شتانەی کە تایبەت بە پیاو بن، وەک جل، کار، قسە، بەڵێن، حەمام و هتد.
دەشتوانێ بۆ هەر کەسێکی تر بێت وەک: ژنانە، کوڕانە، کچانە، منداڵانە، گەنجانە، پیرانە، و هتد.
قسەیەکی پیاوانەی کرد.
کارێکی منداڵانەی کرد.
جلی ژنانەی کوردی زۆر جوانە.

دەتوانین ئەوڕۆکەش لەسەر هەمان پێوەر وشە نوێیەکانمان ساز بکەین وەکوو:
قوتابخانەی کوڕانە، قوتابخانەی کچانە
واتە قوتابخانەیەک کە تایبەتە بە کوڕان، قوتابخانەیەک کە تایبەتە بە کچان.
لە فارسیشدا (کە سیستەمی تایپۆلۆجییەکەی وەک کوردییە) دەوترێت: مدرسە پسرانە، مدرسە دخترانە.
جا ئەگەر ئەو قوتابخانە کوڕانە یان کچانە ناوێکیشی هەبێت ناوەکە پاش ئەو دوو وشەیە دەنووسین، بۆ نموونە:
قوتابخانەی کوڕانەی قانع، واتە قوتابخانەکە کوڕانەیە و تایبەتە بە کوڕان و ناویشی قانع”ە، ناکرێ بنووسین: قوتابخانەی قانعی کوڕان، ئەوە وەکوو ئەوەیە کە بڵێین قوتابخانەکە قانعە و هی کوڕانە، یان قوتابخانەکە هی قانعە و قانعیش هی کوڕانە، بۆیە دەبێت بنووسین: قوتابخانەی کوڕانەی قانع.

جا لەبەر ئەوە هەموو ئەم تابلۆیانە کە بەپێی تایپۆلۆجیی عەرەبی وەرگێڕدراونەتەوە یان نووسراون، دەبێت بەزوویی بگۆڕدرێن:

shorrriiish

ئامادەیی کوڕانەی شۆڕش

kamelbesir 
قوتابخانەی بنەڕەتیی کوڕانەی کامل بصیر”

qedemxer

قوتابخانەی سەرەتایی تێکەڵاوی قەدەمخێر”

zellim

قوتابخانەی بنەڕەتیی تێکەڵاوی زەڵم”

kurdistannewdewlleti

سەنتەری نێودەوڵەتیی کوردستان / ناوەندی نێودەوڵەتیی کوردستان

midyaypizishki

سەنتەری پزیشکیی میدیا / ناوەندی پزیشکیی میدیا

 

 

نموونەیەکی تری هەڵە و داسەپاندنی تایپۆلۆجیی عەرەبی ئەوەیە کە بۆ نموونە دەڵێن:
شوێنی کاروان بۆ فرۆشتنی کۆمپیوتەر.
کە هەڵەیە و دەبێ بوترێت: کۆمپیوتەرفرۆشیی کاروان

 

osmanmuhendes

فرۆشگەی جلوبەرگی پیاوانە

جاری وایە وەرگێڕانێکی سەیروسەمەرە دەبینی کە زیاتر لە دارمیوەی متوربەکراو دەچێت بە وشەی کوردی و عەرەبی:

nakurdi

 

١٥. جاری وایە وەرگێڕ لە نێوان دوو زماندا گیر دەکات کە وشەدانەکانیان وەکوو یەک نین، بۆیە لەوێ دەبێ زیرەک بێت و شارەزای زانستی زاراوەزانی بێت، ڕەنگە لە هەندێ شوێندا ناچار بێت کاری وشەسازی بکات، بۆیە وەرگێڕێک دەبێ بۆ نموونە بزانێ کە یاسا و ڕێساکانی وشەسازی چین و دەبێ بەوردی لێیان تێ بگات و بزانێ کەی و لە کوێدا کامیان بکاتە بنەما بۆ وشەسازی:

 

وشه‌سازی word-formation
١. بە یارمەتیی گیرەک 1. Affixation
٢. پاشسازی 2. Back Formation
٣. تێکەڵکردن 3. Blending
٤. کورتکردنەوە 4. Clipping
٥. لێکدان 5. Compounding
٦. گۆڕین 6. Conversion
٧. داڕشتن 7. Derivation
٨. قه‌رزه‌وه‌رگێڕان 8. Loan Translation (Calque)
٩. قه‌رزه‌وشه‌ 9. Loanword
١٠. نوێ‌وشه‌خوازی 10. Neologism
١١. وشەی ئاڵۆز 11. complex word

 

١٦. هەر کاتێ لە زمانێکی دووەمی وەکوو عەرەبی، دەقێکی بە بنەڕەت ئینگلیزی دەکەیتە کوردی دەبێ هەوڵ بدەیت کە ناوەکان وەکوو عەرەبی نەنووسیتەوە، چونکوو ئەوان پیتیان بۆ هەندێ دەنگ نییە و وشەکان بە شێوەیەکی تر دەنووسنەوە، بەڵام ئێمە بەرانبەریان پیتمان هەیە و دەبێ هەوڵ بدەیت کە ناوەکان لە بنەڕەتدا بدۆزیتەوە و بەپێی توانای زمانی کوردی بییاننووسیتەوە، بۆ نموونە:

لە عەرەبیدا (ڕیچارد) بە (ریتشارد) دەنووسنەوە و نابێ فریوی نووسین بە عەرەبی بخۆین. هەروەها:

(ئەرشیف/ آرشیو) بە (ئەرشیڤ) دەبێ بنووسرێت و (بانق) بە (بانک)، (صین) بە (چین)، (یابان) بە (ژاپۆن)، (غوستاف) بە (گوستاڤ)، (مارغاریتا) بە (مارگاریتا)، (غابرییل غارسیا) بە (گابریەل گارسیا)،  (غاندی) بە (گاندی) بنووسرێنەوە.

سەدان ناوی تر هەن کە لە فارسی و بەتایبەت لە عەرەبیدا نووسینەوەیان گۆڕانیان بەسەر هاتووە و دەبێ هەوڵ بدەین بە ڕێنووسی کوردی بیاننووسینەوە.

دەرەنجام

وەرگێڕان ئەرکێکی گرنگە و مرۆڤ دەبێ هەستی دەروونیی تایبەتیی بۆی هەبێت، بەڵام دەتوانێ توانایییەکەی بە ڕاهێنان و سەرنجدانی یاسا و ڕێساکان بەهێزتر بکات. ئەوڕۆکە زۆر لە تابلۆکانی هەندێک لە شارەکان بەپێی تایپۆلۆجیی زمانی عەرەبی کراونەتە کوردی یان نووسراون، پێویستە زمانی کوردی بکەینە پێوانە بۆ نووسینەکان و وەرگێڕانەکانمان، دەبێ هەموو ئەو هەڵانەی کە لە شوێنە گشتییەکاندان بەزووترین کات چاک بکرێنەوە، چونکوو ئەوانە دەبنە هۆی سەرلێشێواندن و فێرکردنی هەڵەی ڕێنووس و ڕێزمان و تایپۆلۆجیی کوردی بە خەڵکی ئاسایی.