ئاب 23, 2022 Edris Hashemi

یەکگرتنەوەی دوو باڵی حیزبی دێموکرات

نووسین: ئیدریس هاشمی

حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران یەکێک لە کۆنترین حیزبە کوردییەکانە. ئەم حیزبە هەر لە کۆنەوە هەتا ئێستاش لە گۆڕەپانی سەرەکیی خەباتدایە و بنکەیەکی جەماوەریی فراوان و ئاشکرای هەیە. 

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کار بۆ پێکهێنانی ئێرانێکی دیموکرات، فیدراڵی، سکولار و مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکات. ئەم حیزبە لە ١٣٢٤/٥/٢٥ لە شاری مەهاباد دامەزرا. ئەم حیزبە کۆماری دێموکراتیکی کوردستانی بە سەرۆکایەتی قازی محمد لە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ لە شاری مەهاباد دامەزراند.
هەردوو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە 2022-08-21
یەکیان گرتەوە و لاپەڕەیەکی نوێیان دەست پێ کرد و پاش نزیکەی 16 ساڵ دابڕان لەژێر ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە مافەکانی خەڵکی کوردستانی ئێران درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن.
ئەم یەکگرتنەوە خوێنێکی تازەی بە دەمارەکانی ڕۆڵەکانی گەل بەخشی و پەیامێکی ڕوونی هەبوو، ئەویش ئەوە بوو کە دەکرێت دژی حکومەتی ئێران تەبا بین.

یەکگرتنەوەی حزبی دیموکرات، دەبێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ئەم حیزبە دژ بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێناوی ڕزگاریی نەتەوەکەمان.
ڕێکخراو و ئۆرگان و دامەزراوەکانی هەردوو حزب لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، بەپێی ڕێکەوتنە دوو لایەنییەکان و ڕێوشوێنە دیاریکراوەکان و لەژێر ڕێنوێنی و چاودێریی ڕێبەریەکی هاوبەشدا، لەژێر ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا، یەک دەگرنەوە و درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن.
یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات یەکێک لە داوا ڕەواکان و ئاواتە پیرۆزەکانی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەگشتی و بنەماڵەی شەھیدان، بەندییە سیاسییەکان و تێکۆشەران و ئەندامانی سەر بە حیزبی دێموکرات بەتایبەتی.
ئەم یەکگرتنەوە پیرۆزە، دەبێتە ھۆی گەشەکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان. هەروەها دەبێتە مایەی تەبایی و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی و هاوکاریی نێوماڵی کورد دژ بە کۆماری ئیسلامی و هەر هزرێکی تەواوییەتخواز و ناوەندگەرا.
یەکگرتنەوەی هەردوو حیزبی دێموکرات دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە هەموو مەیدانەکاندا، بەیەکپارچەیی بەشدار و ئامادە بن، دەرفەتەکانی بەردەمی خۆیان باشتر بقۆزنەوە، دەستکەوتی زۆر گەورەتر لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بەدەست بهێنن و بەردەنگەکانی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە کوردستان، زیاتر بە دەنگ داخواز و پەیامەکانیانەوە بێن.

یەکگرتنەوەی حیزبی دیموکرات لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لە ھەموو تیکۆشەران، ئەندامان و دڵسۆزانی حیزب پیرۆز بێت.

نووسین: ئیدریس هاشمی، سوید