ئازار 13, 2023 Narges Hashemi

باسی ژاراویکردنی کچان

لە هەواڵی تەلەفزیۆنی فەرمیی سویددا

نووسین: نەرگس هاشمی

ژاراویکردنی کچان لە ئێراندا لە چاپەمەنی و بڵاوکراوەکانی سویددا دەنگی داوەتەوە و زۆر لەسەری وتار و بابەتیان بڵاو کردووەتەوە. بۆ نموونە لە تەلەفزیۆنی فەرمیی سوید (SVT)دا لە یەکێک لە بابەتەکانیدا لەژێر ناونیشانی ناڕەزایەتیی نوێ لە ئێران دوای زەنگی ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە کچەقوتابییانی ژاراویکراوی زۆرتر. لە ڕاپۆرتی ئەو تەلەفزیۆنەدا نووسراوە کە:

دوای ئەوەی هەواڵی ژەهراویبوونی کچانی زیاتر لە ژینگەی قوتابخانەکان لە سەرانسەری وڵاتدا ڕاگەیەندرا، ناڕەزایەتیی نوێ لە ئێران سەری هەڵدا. ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە فەرمانی لێکۆڵینەوەی دەرکرد، بەڵام خۆپیشاندەران بەردەوام بوون لە نیشاندانی ناڕەزایی و نیگەرانی. لە هەمان کاتدا پەنجە بۆ ڕێژیمی ئێران ڕادەکێشن.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز ناڕازییان هاواریان دەکرد کە: دوژمنامان لێرەیە.

ئەم تەلەفزیۆنە لەسەر ماڵپەڕەکەیان هەروەها نووسییانە:

دایکوباوکانی نیگەران لە تارانی پایتەخت، ڕۆژی شەممە لە دەرەوەی وەزارەتی پەروەردە کۆ بوونەوە و نیگەرانیی خۆیان لە شەپۆلی ژەهراویکردنی کچانی قوتابخانە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕووی لە ئێران کردووە، دەربڕی.

هەروەها نووسراوە:

لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا ڕەخنە لە سیاسەتمەداران و هێزە ئەمنییەکانی وڵاتیش گیرا.

تەلەفزیۆنی سوید هەروەها لە ماڵپەڕەکەیاندا بەردەوام دەبێت و دەنووسن:

هەروەها ڕۆژی شەممە لە شارەکانی دیکەشدا ناڕەزایەتی دژی ڕێژیم بەڕێوە چوو، لە هەمان کاتدا وێنەی زیاتر لە سۆشیال میدیادا بڵاو بووەوە کە کچان بەدەست نیشانەکانی سەرگێژخواردن و لاوازیی لەناکاوەوە دەناڵێنن.

لەو ماڵپەڕەدا هەم بە نووسین بە ڤیدیۆ لەو بارەوە دەدوێن.

***

نەرگس هاشمی، سوید: 2023-03-13