كانونی دووه‌م 8, 2025 Zana Nafea

ڕێنووسی ییی 

باسکردنی یەکێک لە خاڵە زۆر گرنگەکانی ڕێنووسەکەی ئەکادیمیای زمانی کوردی

نووسین: زانا نافع کەمال

وەک لای هەموومان ڕوونە، ڕێنووس گرنگییەکی تایبەتی خۆی هەیە لە نووسیندا، هەر دەقێک ڕێنووسەی تەواو و دروست نەبێت، ئەو دەقه دەکرێت بەهەڵە مەبەست و پەیامێکی تر بگەیێنێت.

بۆیە پێویستە لەسەر هەموو نووسەران، کە ڕێنووسی دروستی وشەکان بزانن.

ئەگەر چەند نموونەیەک بخەمە ڕوو:

  • قوتابخانەی ڕزگاری کوڕان

لێرە ناوی قوتابخانەکە بریتییە لە ڕزگار

قوتابخانە+ی ڕزگار+ی کوڕان

ی لەدوای هەریەک لە وشەکانی قوتابخانە و ڕزگار ئامرازی دانەپاڵە.

  • قوتابخانەی ڕزگاریی کوڕان

لێرەدا ناوی قوتابخانەکە بریتییە لە ڕزگاری و (ی) دووەم بریتییە لە ئامرازی دانەپاڵ.

کەواتا وەک دەیبینن، پشتگوێخستن و نەنووسینی یەک پیت چ گۆڕانکارییەکی دروست کرد!

ئەگەر وشەکە خۆی بە دوو (ی) یش کۆتاییی هاتبوو، ئەوا لەم کاتەشدا ناکرێت ئامرازی دانەپاڵ لەیاد بکرێت.

نموونە:

ئامادەییی ڕزگاریی کوڕان

زۆر ئاسایییە و بگرە پێویستیشە، سێ ی ئاماژەی پێ بدرێت.

  • بۆچی سێ (ی) دروستە؟

وەڵام/

ئەگەر سەیری وشەی ئامادەیی بکەین، دەبینین پیتی (ە) پیتێکی بزوێنە و (ی) دوای ئەویش دەبێتە نەبزوێن و (ی) دووەم دەبێتەوە نەبزوێن.

کاتێک کە ئامرازی دانەپاڵی بۆ زیاد دەکەین، ئامرازی دانەپاڵ دەبێتە (بزوێن)

هاوشێوەی ئەم گرێیانە:

(خوێندکاری زیرەک)            (گوڵی سوور)                     (بەردی ڕەش)

لە هەریەک لەم گرێیانە لاریمان نییە، کە ئامرازی دانەپاڵ (ی) بزوێنە.

کەواتا بۆ حاڵەتی (ئامادەیی) یش هەمان شتە.

ئەگەر لەمە بڕوانین (زۆر ئاسایییە)

ئەمەش بە سێ (ی) نووسراوە، لەبەرەوەی لە وشەی (ئاسایی) (ا) بزوێنە و (ی) یەکەم نەبزوێنە و (ی) دووەم بزوێنە

ئێ کە کاری ناتەواوی (ە) ی بۆ زیاد دەکرێت، ناکرێت دوو پیتی بزوێن بەدوای یەکدا بێن.

کەواتا دەبێ بە ئاسایی + یـ ناوبەند + ە

  • بۆچی سێ (ی) گونجاوە، بەڵام سێ (و) گونجاو نییە؟

وەڵام/

لەبەرەوەی لە دەنگی (و) دا کورتبوونەوە ڕوو دەدات، بەڵام لە دەنگی (ی) دا کورتبوونەوە ڕوو نادات.

دوو دەنگی (و) مان هەیە:

  • واوی کورت (و)
  • واوی درێژ (وو)

ڕوونکردنەوە/

کە ڕێژەی ڕابردووی تەواوی ڕاگەیاندن لە چاوگی چوون دروست دەکەین، دەبێت بە (چووە) نەک (چوووە).

دەنگی (وو) کورت دەبێتەوە لەسەر شێوەی (و) ی کورت دەر دەکەوێت و دەبێت بە (چو + وە).

ئەگەر ورد گوێ لە دەربڕینی ئەم دوو وشەیە بگرین، (چووە) و (ئاسایییە)

هەست بەوە دەکرێت، لە کامیان کورتبوونەوە ڕوو دەدات و لە کامیان ڕوو نادات.

***

پرسیار:

ئایا هیچ وشەیەک هەیە کەوا نەنووسینی ئەو (ی) ەی سێیەم واتای بگۆڕێت؟

وەڵام/

بەڵێ، ئەگەر سەیری ئەم نموونەیە بکەین:

پۆلی دوازدەی ئامادەیین.  (لەم دەقەدا (ن) جێناوی لکاوە بۆ کەسی دووەم/ سێیەمی کۆ.)

مەبەستمان ئەوەیە:

ئێوە/ ئەوان پۆلی دوازدەی ئامادەیین.

بەڵام لەم دەقەدا:

پۆلی دوازدەی ئامادەییین.       (لەم دەقەدا (ین) جێناوی لکاوە بۆ کەسی یەکەمی کۆ.)

مەبەستمان ئەوەیە.

(ئێمە) پۆلی دوازدەی ئامادەییین. 

***

گەڕانەوە بۆ پەڕەی دەستپێکی مامۆستا زانا