لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، گرنگ نییە یاسا چی بڵێت. چونکە یاسا تەنیا بۆ سەر کاغەزە. بە کردەوە زۆر لە یاساکان هەرگیز جێبەجێ ناکرێن و بەتەواوی پشتگوێ دەخرێن.
بۆ نموونە لە مادەی ٢٩ یاسای بنەڕەتیی ئێراندا دەڵێت:
(تعذيب انسان ممنوع است هيچ شخص نمى تواند حتى به مقصد کشف حقايق از شخص ديگر اگر چه تحت تعقيب، گرفتارى يا توقيف و يا محکوم به جزاء باشد به تعذيب او اقدام کند يا امر بدهد.)
(ئەشکەنجەدانی مرۆڤ ڕێپێنەدراوە، هیچ کەس ناتوانێت تەنانەت بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، کەسێکی تر ئەگەرچی داواکراو بێت، تووشبوو بێت، دەستبەسەر بێت و یان سزای بەسەردا سەپێنرابێت، ئەشکەنجە بدات یان فەرمانی بەسەردا بدات.)
کەچی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە کردەوە ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون، بە دڕندەترین شێوە ئەشکەنجە دەدەن، سەر و شان و قۆڵ و دەست و لاق و ئەژنۆ و پێیان ورد دەکەن و دەیشکێنن. وەک دڕندە و ئاژەڵ هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن و بێڕێزی و سووکایەتییان پێ دەکەن.
لە ماددەی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا نووسراوە:
(اظهار ، اقرار و يا شهادتى که از متهم يا شخص ديگرى به وسيله اکراه بدست آورده شود اعتبار ندارد.
اقرار بجرم عبارت است از اعتراف متهم با رضايت کامل و در حالت صحت ادراک عقل درحضور محکمه با صلاحيت.)
(لێدوان، دانپێدانان، یان ئیفادەیەک کە لە تۆمەتبار یان کەسێکی دیکە بە زۆرەملێ بەدەست بێت، بایەخی نییە.
دانپێدانان بە تاوان بریتییە لە دانپێدانانی تۆمەتبار بە ڕەزامەندیی تەواو و لە دۆخی تێگەیشتنی ئاوەز لە بەردەم دادگای شیاودا.)
هەزاران دیلی دەستی کۆماری ئیسلامی بەڵگەی تەواون بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئەو یاسا بنەڕەتییە بەهیچ شێوەیەک جێبەجێ ناکرێت. بەڵکوو پێچەوانەکەی، واتە سزا و ئەشکەنجەی دڕندانە چاوەڕێی دەستبەسەرکراوەکان دەکات.
نموونەی ئەوانە “هێمن ژاڵە”یە کە خەڵکی شاری کرماشانە. لە خۆپیشاندانەکانی کرماشاندا دەستبەسەر کرا و پێش لە دادگاییکردن سەر و قۆڵ و دەست و لاق و پێیان لە چەند لاوە شکاند و ئەو پەڕی بێڕێزییان پێ کردووە. هەروەها بەزۆر و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانە بەڵگەیان پێ واژۆ کردووە کە گوایە پارەی لە باشوور وەرگرتووە بۆ ئەوەی بێت و لەناو ئێراندا خۆپیشاندان وەڕێ بخات.
ناوبراو بە دانی بارمتە بۆ ماوەیەکی کاتی بەریان دا تا دوایی بچێت بۆ دادگا، بۆ دادگاییکردن. ئەویش کە دەیزانی بەزۆر و ئەشکەنجە زۆر شتیان پێ واژۆ کردووە و ئەگەر پێی بگاتە دادگا یەکسەر لەبەر ئەو دانپێدانانە قورسترین و مەرگبارترین سزای بەسەردا دەسەپێنرێت، یەکسەر هەڵات و بە برینداری خۆی شاردووەتەوە.
لەم ڤیدیۆیەدا ئەو کارەساتە پڕ لە ئەشکەنجە و مەرگاوییە بە دەنگ و ڕەنگی “هێمن ژاڵە” دەبینن:
نووسین: نەرگس هاشمی سوید 03-02-2023