ئایار 31, 2023 Diyako

هەروەها = ش/یش؟

نووسین: دیاکۆ هاشمی

(هەولێر) + (یش) = هەولێریش
(سلێمانی) + (یش) = سلێمانییش (شاری سلێمانی)
(سلێمان) + (یش) = سلێمانیش (کاک سلێمان)
***
ئەو وشانەی کە بە نەبزوین کۆتایییان هاتووە، یان بە بزوێنی (ی) تەواو بوون (یش) دەگرن.
نەبزوێن + یش:
کەرکووکیش شارێکی گەورەیە.
داریش بەرزە.
گوڵیش بۆنی خۆشە.
***
بزوێنی (ی) + یش:
(سلێمانی) + یش: سلێمانییش شارێکی گەورەیە.
(سلێمان) + یش: سلێمانیش پیاوێکی باشە. (سلێمان، مرۆڤ)

(سویدی) + یش: سویدییش لە ئەمریکا دەژین. (خەڵکی سویدی).
(سوید) + یش: سویدیش ساردە. (وڵاتی سوید).
***
ئەو وشانەی کە بە بزوێنی (ا، ە، ۆ، وو، ێ) تەواو دەبن بە هەر دوو شێوەکەی هەڵە ساز ناکەن:
ئاڵایش هەڵکرا. ئاڵاش هەڵکرا.
سەفەری پاوەیشم کردووە. سەفەری پاوەشم کردووە.
شنۆیشم بینیوە. شنۆشم بینیوە.
توویشم خواردووە، تووشم خواردووە.
هەرمێیشم خۆش دەوێت. هەرمێشم خۆش دەوێت.
***
نادروست: لە زانکۆی سلێمانیش پشوو ڕاگەیەنرا.
دروست: لە زانکۆی سلێمانییش پشوو ڕاگەیەنرا.
***
نادروست: لە سلێمانیش بەفری زۆر باریوە.
دروست: لە سلێمانییش بەفری زۆر باریوە.

ئەگەر وشەکە بە یی تەواو ببێت ش دەنووسین:
پاوەیی + ش = پاوەییش

***

بابەتە جۆرەبەجۆرەکانی تر