شکستی ڕێپێوانی ٢٢ی بەهمەن

شوبات 12, 2023 Narges Hashemi

شکستهێنانی ڕێپێوانی

٢٢ی ڕێبەندان (بهمن)ی ڕژیمی ئێران 
ـــــــــــــــــــــــــــــ

نووسین: نەرگس هاشمی

ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە لێواری ڕووخاندایە، بەبۆنەی ٢٢ی بەهمەن، لە هەموو ڕێگایەکەوە هەوڵی دا کە خەڵکی ئێران و کوردستان بێنێتە سەر شەقام، هەتا بەم شێوەیە نیشان بدات لەنێو خەڵکدا ڕەوایی هەیە و دۆخی ئەو وڵاتە ئاسایییە و هەروەها وا چەواشەکاریی کرد کە ئێران و کوردستان لەم کات و ساتە ھەستیارەدا ئارامە و خەڵک دژی ڕێژیم نین بەڵام بە پێچەوانەوە خەڵک لەگەڵ ئەو ڕژیمە نەبوون و زیاتر ڕسوا کران.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەندە ڕیسوا بووە کە بۆ هێنانی خەڵک بۆ ڕێپێوانی٢٢ی بەهمەن ناچار بوو لە باخچەکانی منداڵان (کودکستان)، منداڵ بهێنێت و ئاڵا بداتە دەستیانەوە و جلی ئاخوندی لەبەریان بکات و درووشمیان پێ بدات و بۆ بەرژەوەندییە قیزەونەکانیان، منداڵەکان تێکەڵ بە کاری سیاسی بکات.
هەروەها دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران (صدا و سیما) وەک هەمیشە بە فێڵ و تەڵەکە شانۆگەرییەکانی ٢٢ی بەهمەنی گەورە نیشان دا لە کاتێکدا ئەوانەی کە لەو بە ناو ڕێپێوانەدا بوون، تەنیا بەسیج، پاسدار و جاشەکان و هەندێک لە مۆرەکانی خۆیان بوونە کە هەتا کۆتاییی ڕێپێوانەکە ماونەتەوە.

ئەو ڕژیمە دەزانێت کە کەسی بۆ نەماوەتەوە و کەس لەگەڵی ناکەوێت بۆیە دەستفرۆشەکان و پەنابەرانی ئەفغانی و خەڵکی وڵاتەکانی تری بۆ ڕێپێوانی ٢٢ی بەهمەن هاوردبوو.

لەلایەکی ترەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ساڵانی پێشوو، نامەی هەڕەشەئامێز و هوشداریی توندی ناردبوو بۆ فەرمانبەرانی ئیدارەکان بۆ ئەوەی کە لە ڕێپێوانی حکوومەتیی ٢٢ی بەهمەندا بەشداری بکەن و لەو نامەیەدا هوشدارییان دابوو بە فەرمانبەران کە ئەگەر بەشداری نەکەن، کاریگەریی لەسەر مووچە، هەڵسەنگاندن و پلەبەندییتان دەبێت.

سەرەڕای گوشارەکانی ڕژیم بەسەر خەڵک بۆ بەشداری لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان، خەڵک بە نەڕۆیشتن بۆ ڕێپیوانەکان، دژ بە بڕیارە زۆرەملییەکانی ڕژیم وەستاونەتەوە. خەڵکی ئێران و کوردستان بە نەچوونە سەر شەقامەکان لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەنداندا، ناڕەزایەتیی خۆیانیان بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێران دەربڕیوە.

بەگشتی ڕێژیمی ئێران لە هەموو پیلان و هەڕەشەیەک کەڵک وەردەگرێت تاکوو بە زۆرەملێ کۆمەڵێک کەس بێنێتە سەر شەقام و وەها بنوێنێت کە خەڵک پشتیوانی ئەو ڕژیمەن، بەڵام هەموو کات ئەم هەوڵ و پیلانانەی ڕژیم لەلایەن خەڵکی ئێران و خەڵکی وشیاری کوردستانەوە پووچەڵ دەکرێنەوە.

مەرگ و نەمان بۆ رێژیمی فێڵباز و درۆزنی ئاخوندەکان.

نووسین: نەرگس هاشمی، سوید

2023-02-12