سەرکوتکردنی کورد لەلایەن ئێران

نیسان 7, 2023 Narges Hashemi

سەرکوتکردنی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە

نووسین: نەرگس هاشمی

کورد نەتەوەیەکی کۆن و دێرینە. هەزاران ساڵە لە ناوچەکەدا ژیاوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام هەوڵی لەنێوبردنی کوردی لەوێ داوە.

هەر کاتێک کوردەکان چ وەک تاک و کەسایەتی، چ وەک ڕێکخراو و حیزب داوای مافی کوردیان کردبێت، بەردەوام لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرکوت کراون. حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکانیان وەک دژەشۆڕش (ضد انقلاب)، داردەستی بێگانە و سیخوڕی دوژمن لە قەڵەم داوە.

بۆ ئەوان گرنگ نەبووە کە کورد چی دەڵێت، بەڵام چونکە لەلایەن کوردەوە داخوازی کراوە، ئەوە بۆ حکوومەت وەک ئەوەیە لەلایەن دوژمنەوە هاتبێت.

دروشم و خواستی کوردەکان زۆر ڕوون بووە و لە داواکانیاندا هیچ مەترسییەکیان بۆ سەر ئێران نەبووە. بۆ نموونە ساڵانێکی زۆر دوورودرێژ یەکێک لە دروشمەکان دیمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کورد بووە. کەچی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەم حیزبەکەی بە هەڵوەشاوە (منحله) ڕاگەیاندووە، هەمیش ئەندامەتی و لایەنگری لەو حیزبەی بە تاوانێکی گەورە هەژمار کردووە و لایەنگرانی بەندی و ئەشکەنجە کردووە یان هەڵیانیان واسیوە. بەوەشەوە نەوەستاون، تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش سەرکردەکانیان بە فێڵ و تەڵەکە و بە ناوی وتوێژ بانگهێشت کردووە بۆ دانووستان و وتووێژ، کەچی لەوێ دڕندانە بە دەستڕێژ و ڕەشەکوژی شەهیدیانیان کردووە. 

نەک هەر سەرکردەکان بەڵکوو لایەنگرانیان گرتووە و لە بەندیخانە سزایان داون. ئەندامەکانیان گرتووە و تیربارانیان کردوون. دیسانەوە بەوەشەوە نەوەستاون و لە دەرەوەی خاکی ئێران لەناو شار و لادێکانی باشووری کوردستاندا، هەموو بارەگا و سەرکردە و ئەندامان و لایەنگرانیان داوەتە بەر هێرشی درۆن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. بێ ئەوەی بیر بکەنەوە یان بۆیان گرنگ بێت کە لەوێ ژنی دووگیان، مرۆڤی بەساڵاچوو و منداڵی کەمتەمەنی شیرەخۆرە یان قوتابی هەیە. هەموویانیان بە یەک چاو، چاو لێ کردووە: تاوانبار، دژەشۆڕش، دژەحکوومەت، دژەئایین. بەبێ دادگاییکردن، بەبێ ئەوەی تاوانەکانیان لە دادگادا لێ کۆڵیبێتەوە و بواری ئەوەیان هەبووبێت لە خۆیان پارێزگاری بکەن یان پارێزەریان هەبێت، هەموویانیان بۆردوومان کرد. ئەو جۆرە کوشتنە بەپێی یاسا نێونەتەوەیییەکان بە کوشتاری بەکۆمەڵ هەژمار دەکرێت و کوشتاری بەکۆمەڵیش بەپێی یاسا نێونەتەوەیییەکان ڕێپێنەدراوە و لە ڕاستیدا بکەرەکەی دەبێت دادگایی بکرێت و سزا بدرێت.

****

نووسینی نەرگس هاشمی

2023-04-07