كانونی دووه‌م 23, 2020 Narges Hashemi

خستنەخوارەوی فڕۆکەی ئۆکراینی

Narges Hashemi
نووسین: نەرگس هاشمی

فڕۆکەیەکی گەشتیاریی ئۆکراینی، جۆری بۆینگی ٧٣٧ی سەر بە هێڵی ئاسمانیی نێودەوڵەتیی ئۆکراین Ukraine بە ١٦٧ گەشتیار و ٩ ئەندامی تیمی فڕۆکەوانییەکە لە ڕێکەوتی ١٣٩٨/١٠/١٨ (08-01-2020) لە کاتژمێر ٦:١٣ لە تارانەوە بەرەو کیڤ Kyivی ئۆکراین، فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینیی بەجێ هێشت. ٥ خولەک پاش فڕینەکە، لە دەوروبەری سەباشار/صباشهری تاران بە هاژەک (مووشەک)ی بەئەنقەستی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران، خرایە خوارەوە و هەموو گەشتیارەکان و نۆ کارمەندەکانی فڕۆکەکە کە سەرجەم ١٧٦ کەس بوون، گیانیان لەدەست دا.

ڕۆژنامە ناوخۆییەکان و دەوڵەتپیاوانی ئێرانی، بەردەوام زۆر بێشەرمانە حاشای ئەو تاوانە قێزەونە دەکەن. بۆ نموونە ڕۆژنامەی کەیهان لە ڕێکەوتی ١٣٩٨/١٠/٢١ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە لەژێر ناونیشانی:

کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی بۆینگ ٧٣٧ی ئۆکراینی بیانوویەکە بۆ ئەوەی ئەمریکا لە سەرشۆڕیی عەین ئەسەد ڕزگاری بێت.

ئەوان مەبەستیان ئەوەیە کە ئەوە درۆیە کە هاژەکێکی ئێرانی ئەو فڕۆکەیەی خستبێتە خوارەوە. واتە دەیانەوێت خەڵک چەواشە بکەن و بە درۆ دەڵێن ئەوە پڕۆپاگەندەی ئەمریکا و دوژمنانە کە گوایە ئێران ئەو فڕۆکە گەشتیارییەی خستووەتە خوارەوە.

زۆرتر لە چەند کاتژمێری نەخایاند و درۆکەی ڕۆژنامەی کەیهان لەلایەن ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان (ستاد کل نیروهای مسلح) ئاشکرا بوو. ئەوان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد کە بەرکەوتنی مووشەکی سوپای پاسداران بووەتە هۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە.

ئەم ڕۆژنامەیە نووسیویەتی: دوابەدوای ئەم ڕووداوە جەرگبڕە، بەرپرسانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا وەک هەمیشە خەریکی درۆکردن و دروستکردنی کەش و هەوا و بڵاوکردنەوەی تۆمەت دژی ئێران بوون و بە دروستکردنی شەڕێکی دەروونییش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی ئەم فڕۆکەیە هەڵدانی هاژەکێک بووە!

عەلی عابدزادە، سەرۆکی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران کەوتە چەواشەکاری و بە درۆ کە دابی هەمیشەیییانە، وتی: مەگەر دەکرێت تەقە لە فڕۆکەیەک بکرێت کە بەرزییەکەی ٨٠٠٠ پێیە؟

ئێران جگە لە مەبەستە نهێنییەکانی خۆی بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە، هاوکات دەیویست خۆی لە سزانێودەوڵەتییەکان بدزێتەوە و نرخ و متمانەی ئەو جۆرە فڕۆکانەش لە جیهان کەم بکاتەوە کە زەبری ئابووری دەبوو بۆیان. بەڵام بە ڕوونبوونەوەی ڕاستییەکان پێش بەو پیلانە گڵاوەش گیرا.

کەوا بێت هەموو کاربەدەستان باس لەوە دەکەن کە ئەوە تەنها سیناریۆیەکە لە لایەن دوژمنانەوە بۆ ئەوەی ئێرانی پێ بکوتن. بەڵام زۆر زوو هەموو جیهان کەوتنە پەرچدانەوە و درۆی حکوومەتی مرۆڤکوژی ئێرانیان ئاشکرا کرد و هەموو جیهان لە بەرانبەر ئەو تاوانە بەمەبەستەی ئێران هەڵوێستیان گرت. بۆ نموونە جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، ڕایگەیاند:

ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەکەوە و لە وڵاتی جیاواز و ڕێکخراوی هەواڵگریی کەنەدا پێمان گەیشتووە، ئەوە دەردەخەن کە فڕۆکە ئاماژەپێکراوەکە لە ئەنجامی تەقاندنی هاژەکێکی زەوی بە هەوای ئێران خراوەتە خوارەوە.

هەرچەند بەڵگەی زۆر هەبوون لە تاوانباربوونی ئێران، بەڵام حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ سەرجەم حاشایان لەو تاوانە کرد، ئاخرەکەی دوای سێ ڕۆژ لە ١٣٩٨/١٠/٢١ دانیان بە تاوانەکەی خۆیاندا نا.

ئەم دانپێدانانە بۆ کوشتنی خەڵکی بێتاوان، هەموو دانیشتووانی ئێرانی ورووژاندووە و بێزار کردووە هەر لەو مانگەوە ناڕەزایەتی دژ بە حکوومەت دەستی پێ کردووە، چونکە حکوومەت خۆی لەو تاوانەدا دەستی هەبووە و حاشاشیان لێ کردووە.

خەڵک لەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانەدا بەردەوامن و ترسیان دژ بە حکوومەت ڕەویوەتەوە و لە خۆپیشاندان و دروشم دژ بە حکوومەتی ئێران بەردەوامن.

نووسین و ئامادەکردنی: نەرگس هاشمی، سوید 23-01-2020