ئابووریی تاڵانکراوی ئێران:

لە سفرە و خوانی بەتاڵی خەڵکەوە تاکوو ملیاردها دۆلار تێچووی شەڕی بەنوێنەرایەتی

نووسین: ئیدریس هاشمی

چوار دەیە دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی نەک هەر نەیتوانی ئێران بەرەو گەشەکردن و گەشەسەندن بگەیەنێت، بەڵکوو ئێرانی کردووەتە وڵاتێکی هەژار و دابڕاو و تاڵانکراو. لە کاتێکدا ئێران بە سامانە بەرفراوانەکانی نەوت و گاز و کانگاکان و پێگەی جیۆپۆلەتیکیی ناوازە، دەکرا ببێتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین و پێشکەوتووترین وڵاتانی ناوچەکە، ئەمڕۆ سفرەی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ بچووکتر دەبێتەوە، هەژاری و نەهامەتی بەربڵاوە و درزی چینایەتی گەیشتووەتە ئاستی تەقینەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم کارەساتە جگە لە سیستەمی گەندەڵ و تاڵانی کۆماری ئیسلامی بە سەرکردایەتیی خامنەیی هیچی تر نییە.

🔴 تاڵانکردنی ڕێکخراوی سامانی نیشتمانی
ئابووریی ئێران نەک لەسەر بنەمای بەرهەمهێنان و گەشەسەندن، بەڵکوو لەسەر بنەمای تاڵانی سیستماتیک دامەزراوە. دامودەزگا فاسدەکانی وەک ستاد اجرایی فرمان خمینی، بنیاد مستضعفان، آستان قدس رضوی و قرارگاه خاتم سپاه پاسداران بەشێکی زۆری سامانی نەتەوەیییان قووت داوە و کردوویانە بە ئیمپراتۆریەتیی دارایی کە نە باج دەدەن و نە لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت. ئەم دامەزراوە فاسدانە وەکوو زالوو خوێنی خەڵک دەمژن و دواجار سامانەکان لە دەرەوەی وڵات وەبەرهێنان دەکەن.

🔴 هەژاریی ناوخۆیی، شەڕی دەرەوە

لە کاتێکدا ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، ڕێژیم ملیاردها دۆلار بۆ سەرکێشییە ناوچەیییەکان و شەڕی بەنوێنەرایەتی خەرج دەکات. ئەو پارەیەی کە پێویست بوو بۆ پەروەردە و تەندروستی و نیشتەجێبوون و ڕەخساندنی هەلی کار خەرج کرابا، دەچووە گیرفانی بەشار ئەسەد لە سوریا و حیزبوڵڵا لە لوبنان و حووسییەکان لە یەمەن، حەماس لە فەلەستین و میلیشیا عێراقییەکان.

کۆماری ئیسلامی بە دروشمی پووچی مقاومت و صدور انقلاب گیرفانی خەڵکی ئێرانی بەتاڵ کردووەتەوە بۆ ئەوەی درێژە بە ماشینی شەڕەکەی بدات.

🔴 گەندەڵیی پێکهاتەیی
گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا ڕووداوێک نییە، بەڵکوو سیستەمێکە. منداڵ و کەسوکاری بەرپرسانی حکوومەت ملیاردها دۆلاریان لە بانکە بیانییەکان پاشەکەوت کردووە لە کاتێکدا گەنجانی ئێرانی بەهۆی نەبوونی هەلی کار یان هیوا بە داهاتوو کۆچ دەکەن یان لەسەر شەقامەکان دەستفرۆشی دەکەن.
لە جینە باشەکانەوە تا دەگاتە کوڕە مەسئوولەکان لەسەر حیسابی خەڵک هەموویان ژیانێکی شاهانەیان هەیە، لە کاتێکدا زۆرینەی کۆمەڵگە لەگەڵ گرانبوونی نرخ و هەڵاوسانی بەرپساو و ناسەقامگیریی ئابووریدا خەریکی ململانێن.

🔴 لەناوبردنی بەرهەمهێنان و وابەستەیی

سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی پیشەسازییە ناوخۆیییەکانی لەناو بردووە. کشتوکاڵی ئێران بە قەیرانی ئاو و بەڕێوەبردنی کارەساتبار، گەیشتووەتە لێواری مایەپووچی. بەهۆی گەندەڵی و سزاکانەوە پیشەسازییە گەورەکان داخراون. دەرەنجامی ئەم سیاسەتانە پشتبەستن بە هاوردە و لەناوبردنی سەربەخۆییی ئابووری وڵاتە. تەنانەت کاڵای سادە و سەرەتاییش لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، لە کاتێکدا توانای بەرهەمهێنانیان لە ناوخۆدا هەبووە.

🔴 خەڵکی قوربانی، فەرمانڕەوا دەوڵەمەندەکان
ئەمڕۆ زۆرینەی خەڵکی ئێران لە دابینکردنی نانی ڕۆژانەیان پەککەوتوون. چەند مانگێک مووچەی کرێکاران بە پاشەکەوت دەدرێت، خانەنشینان لە شەقامەکاندا هاوار دەکەن و مامۆستایانیش بە مووچەی کەم دەژین. لەم نێوەندەدا بەرپرسان و کەسوکاریان لە تاوەرە ڕازاوەکاندا لە تورکیا و دوبەی دەژین، منداڵەکانیان لە ئەورووپا و کەنەدا دەخوێنن و هەژمارە بانکییەکانیان پڕە لە دۆلاری دزراو کە لە گیرفانی میللەت دزراوە.

🔴 ڕێگەی ڕزگاربوون

ئابووریی ئێران تەنیا کاتێک ڕزگاری دەبێت کە ئەم ڕژێمە تاڵانچییە بڕووخێنرێت. تا ئەو کاتەی ویلایەتی فەقیهـ و سوپای پاسداران دەستیان بەسەر سەرچاوەکانی وڵاتدا هەبێت، هیچ چاکسازییەک ڕوو نادات. ئێران پێویستی بە تەقینەوەیەکی ئابووری و سیاسی هەیە؛ شۆڕشێک کە دەستی تاڵانچییەکان لەسەر سفرەی خەڵک ببڕێت و ئابووریی وڵات بخاتە دەستی خەڵک نەک دز و بکوژەکان.

ئیدریس هاشمی سوید
2024 12 10